مەسروور بارزانی و مایک پۆمپێیۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەروەی ئەمریکادا ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێسف لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشنیاری کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیێکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور.

مەسروور بارزانی هەروەها سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیێکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنيدا.

هەروەها لە پەیوەندییەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوام بوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سووریا و گرنگیی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ کران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 435

Your Comment

You are replying to: .
captcha