ئاسۆیێکی ڕوون چاوەڕوانی پەیوەندییەکانی ئێمە و دیمەشق ناکات

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕ‌ۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا، دەڵێت: ئێمە بڕوامان بە گفتوگۆ لە دۆخێکی یەکساندا بۆ داهاتووی سووریا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی هەیە بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاسۆیێکی ڕوون چاوەڕوانی پەیوەندییەکانی ئێمە و دیمەشق ناکات.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕ‌ۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا مەترسیی هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا پاش کەم بوونەوەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ئارادایە؛ ڕایگەیاند: یەکێک لەو هۆکارانەی بووە هۆی کەمتر بوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لە دژی کوردستانی سووریا ئەمریکا و ڕووسیان کە ئەو مۆڵەتەیان بە ئەردۆغان نەدا بۆ هێرشی دووبارە.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا لە ئێستادا دەست بۆ هێرشێکی دیکە نابات بەڵام ناوچەی عەین عیسا بەشێوەیەکی چڕ بوردوومان دەکرێت و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینەکانی ئەم ناوچانە.

کۆفان کەنعۆ وتیشی: پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی جەماوەریی لەنێو خەڵکی تورکیادا دادەبەزێت و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە پێگەی لاوازی ئەم حزبەی لەنێو خەڵکی سووریا دەرخست.

سەرۆکی پارتی ڕ‌ۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لەبارەی دانوستانەکانی ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندی سووریا زیاتر وتی: ڕووسەکان هەوڵیان بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆ لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیدا داوە، بەڵام دیمەشق هیچ سیگناڵێک بۆ نەرمی نواندن و چارەسەر کردنی کێشەکان نانێرێت؛ پێویستە ڕووسیا گوشار لەسەر حکوومەتی سووریا دروست بکات تا دانوستانی نوێ دەست پێبکات.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئیدارەی خۆسەر بەشێوەیەکی جیدی بەدوای گفتوگۆ و چارەسەر کردنی کێشەی کورەکاندایە لەچوارچێوەی چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریا. بەڵام حکوومەتی ناوەندی ئاوڕ لەم بابەتە ناداتەوە و تێڕوانینی هاوشێوەی پێش 2011یە.

کۆفان کەنعۆ لە کۆتاییدا وتیشی: ئێمە بڕوامان بە گفتوگۆ لە دۆخێکی یەکساندا بۆ داهاتووی سووریا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی هەیە بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاسۆیێکی ڕوون چاوەڕوانی پەیوەندییەکانی ئێمە و دیمەشق ناکات.

News Code 4354

Your Comment

You are replying to: .
captcha