ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بەڕێوەبچێت

بەشی تورکیا- ئەمینداری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR) دەڵێت: کورد ناچار نییە کە لە نێوان پارتی دەسەڵاتدار و پارتی کۆماریخواز یەکیان هەڵبژێرێت چوونکە هیچ کام لەم دوو حزبە بڕوایان بە مافی سیاسی و نەتەوەیی کوردەکان لە تورکیا نییە.

لەتیف ئاپۆزدمیر ئەمینداری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دۆخی ئێستاکەی تورکیا و دابەزینی پێگەی جەماوەریی پارتی دەسەڵاتداری (AKP) لە سیاسەتی ئەمڕۆکەدا و وتی: دۆخی شپرزی ئابووریی ئێستای تورکیا بەسراوە بە بارودۆخی سیاسییەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت. نرخی دۆلار هەموو ڕۆژێک بەرامبەر بە لیرەی تورکیا بەرزتر دەبێتەوە و بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار نرخی یۆرۆ بەرز دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای لیرە و گرانتر بوونی کەلوپەل لە تورکیا.

ناوبراو وتیشی لە کاتێکدا بەهای تمەن بەرز دەبێتەوە دۆخی ژیان و مەعیشەتی خەڵک خراپتر دەبێت و ئەو اتەی دۆخی مەعیشەت نالەبارە خەڵک ناڕازی دەبن و بە کرداری دژایەتیی خۆیان ڕادەگەیەنن.

ئەمینداری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان له وەڵامی ئەم پرسیارەشدا کە ئایا ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێش وەختە لە تورکیا لە ئارادایە؛ ڕایگەیاند: ئەگەری زۆر لاوازی هەیە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بەڕێوە بچێت. دوو پرس دەبێتە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا، یان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان وەکوو سەرۆک کۆمار پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت. یان ئەوەی کە 400 ئەندام پەرلەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دەبن.

لەتیف ئاپۆزدمیر جەختی کردەوە: لە ئێستادا نە ئەردۆغان دەست بۆ ئەم کارە دەبات چوونکە ئەم هەڵمەتە خەسار لە خۆی دەدات و نەک ئەوەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە دەگاتە چوارسەد کە لەمبارەوە یەکبگرن.

ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دابە ڕوانگەی سیاسیی کوردەکان و حزبە کوردییەکان لەبارەی ئەو دۆخە و وتی: هەڵبژاردنی پێشوەختە دوورە لە ڕوودان بەڵام ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت کورد ئامادەی هەڵبژاردن نییە بەو هۆکارەوە کە پارتی نەتەوەخوازی کو لە تورکیا ناتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بێت.

ناوبراو درێژەی دا: کاتێکیش حزبە نەتەوەخوازەکانی کورد نەتوانن بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن ناچارن کە پشتگیری حزبی دەسەڵاتدار یان پارتی کۆماریخواز بکەن. کورد ناچار نییە یەک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرێت چوونکە هیچ یەکیان بڕوای بە ستاتۆ بۆ کوردەکان نییە.

ئەمینداری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR) ئاماژەی دایە بژاردەی کوردەکان لە ئاقاری سیاسیی تورکیا و وتی: پێویستە کوردەکان بیر لە بژاردەیەکی باش بۆ داهاتووی خۆیان لە تورکیا بکەنەوە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراتیکدا یەکبگرن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە لایەنێک نەدەن کە دان بە مافە سیاسییەکانیاندا نانێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەم حزبانە لەسەر دوژمنی کردنی کورد پێکهاتوون. ئێمە وەکوو پارتی ماف و ئازادییەکان خۆمان ئامادەی هەڵبژاردنی ساڵی 2023 دەکەین بەڵام تا ئێستاش حزبە کوردییەکان هەنگاو بۆ سیاسەتێکی نەتەوەیی هەڵناگرن.

ناوبراو ئاماژەشی دا بە پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) و ڕایگەیاند: ڕایدەگەیەنن کە هەدەپە پارتی کوردەکانە بەڵام ئەم حزبە دەڵێت ئێمە پارتی کوردەکان نین.

ئەمینداری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR) زیادی کرد: پێویستە ڕەوتە کوردییەکان لە توریا هەماهەنگ بن و هاوپەیمانییەک لەنێو خۆیاندا پێک بێنن و سیاسەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگرنە پێش.

News Code 4365

Your Comment

You are replying to: .
captcha