کوردستانی سووریا لەبواری دیپلۆماسیەوە سەرکەوتووانە کاری کردووە

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: یەکێک لە داواکارییەکانی سیاسەتوانانی کورد ئامادەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە دانوستانەکان بۆ داهاتووی سووریا و هەر گفتوگۆیەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپە سیاسییەکان ئامادەی دەبن.

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشەکانی تورکیا لەدژی کوردستانی سووریا و وتی: هەڵەیە کە وابیر بکەینەوە هەڕەشەکانی تورکیا کۆتای پێهاتووە بەڵکوو لەهەموو بوارێکەوە تورکیا هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا. تورکیا هەر کات دەرفەتەکە بە گونجاو بزانێت و گڵۆپی سەوزی زلۆێزە جیهانییەکانی بۆ هەڵبکرێت دەست بۆ هێرشێکی دیکە دەبات.

ناوبراو زیاتر وتی: دروستە کە تورکیا دەستی نەبردوو بۆ هێرشێکی بەربڵاوی زەوینی و ئاسمانی لە دژی کوردستانی سووریا، بەڵام میلیشیاکان و «تیرۆریستانی» سەربەو وڵاتە هەموو ڕۆژێک ناوچە سنوورییەکانی عەین عیسا دەکەنە ئامانجی هێرشی مووشەکی و یان هەوڵ بۆ پێشڕەوی دەدەن بەڵام هەمیشە ڕووبەڕووی وەڵانی توندی هەسەدە بوونەتەوە و شکستیان هێناوە.

ناوبراو لەبارەی دۆخی سیاسیی ئێستای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە وەتیشی: ئێمە درێژە بە ستراتێژیی سیاسیی خۆمان دەدەین و بڕوامان وایە کە دەبێت ڕێگاچارەی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە و پێویستە ئەو گرووپگەلەی بڕوایان بە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا لە ڕێگا دیپلۆماتیکەکانەوە هەیە دەست پێشخەر بن و دانوستان دەست پێبکەن.

هۆشەنگ دەروێش وتیشی: لە ئێستادا دیپلۆماسیی کوردەکان تواناتر بووە و سیاسەتکارانی کورد سەردانی ئەمریکا و ڕووسیا و سوید دەکەن و بێ گومان سەردانەکان بەرژەوەندیی سیاسی و ئەمنیەتی و ئابووریی هەیە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: یەکێک لە داواکارییەکانی سیاسەتوانانی کورد ئامادەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە دانوستانەکان بۆ داهاتووی سووریا و هەر گفتوگۆیەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپە سیاسییەکان ئامادەی دەبن.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەم لەبواری سیاسی و هەم لەبواری سەربازییەوە لە بارودۆخێکی بەهێزتردایە و گرینگترین پرس لە ئێستادا بۆ ئێمە بەڕێوەبردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە سووریایە بە ئامادەبوونی هەموو ڕەوتە دیموکراتیکەکانی سووریا تا ببێتە چەترێک بۆ هەموو گرووپە دیموکراتیکەکان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سووریای دیموکرات هەوڵی زۆرمان داوە و پەیوەندییمان لەگەڵ هەموو ڕەوتە دیموکراتیکەکان هەیە و ئیرادەی جیدییمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەیەکی سەرانسەری بە ئامادەبوونی هەموو ڕەوتە دیموکراتیکەکان و ڕەوتە ئازادیخوازەکان و ئێمە پێمان باشە ئەم کۆنگریە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەردا بەڕێوە بچێت.

هۆشەنگ دەروێش لەبارەی چۆنیەتی دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا وتی: هەوڵمان داوە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی ڕووسیا بەڵام خاڵی گرینگ ئەمەیە کە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر لە ڕاستیدا ڕۆژبەڕۆژ لەبواری سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەوە بەهێزتر دەبێت.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق زیاتر وتی: هەندێک کەس وابیر دەکەنەوە پاش داگیر کرنی سەرێکانی و گرێ سپی لەلایەن تورکیاوە، چیدی شتێک بەناوی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بوونی نامێنێت، بەڵام ئەمڕۆ کوردەکان هەم سەردانی واشنتۆن و مۆسکۆ و پێتەختی وڵاتانی ئەورووپی دەکەن و هەم سیاسەتوانانی ئەو وڵاتانە دێنە کوردستانی سووریا. ئەم هەڵمەتە دیپلۆماتیکانە دەرخەری ئەوەن کە کوردستانی سووریا لە بورای دیپلۆماسییەوە سەرکەوتوو بووە.

News Code 4397

Your Comment

You are replying to: .
captcha