ئێمە گەشبین نین بە دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، دەڵێت: حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (P.Y.N.K) جیدین لە دانوستانەکاندا و هەوڵ دەدەن کە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) ئیرادەی خۆی بەستۆتە تورکیا و هاوپەیمانی دژبەران و لەسەر درێژەی دانوستانەکان جیدی نییە.

گەلۆ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە چارەنووسی دانوستانی نێوان ڕەوتە کوردییەکان لە سووریا و ڕایگەیاند: ئێمە گەشبین نین بە دانوستانی کوردی-کوردی. حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (P.Y.N.K) جیدین لە دانوستانەکاندا و هەوڵ دەدەن کە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) ئیرادەی خۆی بەستۆتە تورکیا و هاوپەیمانی دژبەران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (PDK) و نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکان کە ئێستا لە ناوچەکەدا نییە.

ناوبراو درێژەی دا: ئاشکرایە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد جیدی نییە. هاوپەیمانیی دژبەرانی سووریا کە عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانیی داگیر کردووە کە ئەنەکەسە ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەیە و مۆڵەت نادەن نزیک P.Y.N.K بکەوێتەوە.

ناوبراو وتیشی: چەند ڕۆژ پێش ئێستا مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند"مۆڵەت نادات ئەنەکەسە دانوستانەکان لەگەڵ حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی بگەیەنێتە ئەجام". سێ ڕۆژ پاش ئەوە سعوود مەلا سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی وتی تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە و حزبە چەکدارەکانی دژ بە سووریا تیرۆریستن و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی یەکێک لەسەرکردەکانی ئەو گرووپانە داوا لە ئەنەکەسە بکات داوای لێبووردن بکات و ئەنجومەنی نیشتمانیش داوای لێبووردنی کرد.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا جەختی کردەوە: ئەم هەڵمەتانە دەرخەری ئەوەن کە ئەنەکەسە ناتوانێت هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی مافی کورد بدات چوونکە نەک تورکیا و نەک هاوپەیمانیی نەیارانی سووریا ئەو مۆڵەتەی پێنادەن.

گەلۆ عیسا وەبیری هێنایەوە: بەمەیشەوە ئێمە هەوڵ دەدەین کە درێژە بە گفتوگۆکان بدەین. لە ئێستادا دانوستانەکان ڕاگیراون و چاوەڕێی نوێنەری ئەمریکاین لە دانوستانەکاندا، ئەوەش ڕوون نییە کە کۆ دەبینەوە یان نا.

ناوبراو وتیشی: بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان پێویستە ئەنەکەسە پەیوەندیی خۆی بە تورکیا و هاوپەیمانەکانییەوە بپچڕێنێت تاکوو بتوانین لەسەر لێکتێگەیشتنی نیشتمانی درێژە بە دانوستانەکان بدەین.

News Code 4432

Your Comment

You are replying to: .
captcha