مەزڵوم کۆبانی داوا دەکا نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بکات
بەشی سووریا- فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند بۆردوومانەکانی تورکیا سەلماندی کە ئەنقەرە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد لە سووریا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی شەوی 25ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی تورکیا بارەگای رێکخراوی لاوانی شۆڕشگێرى له‌ شاری كۆبانی کوردستانی سووریا بۆردومان کرد و هێرشەکەش چەند کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە توویتەر ڕایگەیاند: "ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانیدا بارەگای رێکخراوێکی لاوانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبوون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، ئەو هێرشەش بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە و سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ پرسی کورد لەسووریا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەردەوامی هێرشەکان لێدانە لە ئاسایش و ئارامی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین".

فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتووە، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لە هەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.