زانای کوردی بواری فیزیا مەدالیای زانستیی هێرتزبێرگ-ی پێشکەش کرا

بەشی کوردستان- پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، زانای کورد لە بواری فیزیادا، لەلایەن ئەنجومەنی فیزیازانانی کەنەداوە مەدالیای زانستیی هێرتزبێرگی پێشکەش کرا.

کوردپرێس: پرۆفیسۆر کەریمی لە رێگەی ئینیستاگرامی فەرمیی خۆیەوە رایگەیاندووە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی فیزیازانانی کەنەداوە مەدالیای زانستیی هێرتزبێرگی پێشکەش کراوە.

پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، زانای بواری فیزیای کوانتەمە و ساڵی 1978 لە شاری سەقز لەدایک بووە. تا وەرگرتنی بڕوانامەی مەستەر لە ئێران خوێندوویەتی و ساڵی 2005 بۆ خوێندنی بواری فیزیای کوانتەم چووەتە ئیتاڵیا و لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا دکتۆرای لەو بوارەدا وەرگرتووە.

لە ساڵی 2017وە لە زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا وەکوو پرۆفیسۆری زانستی فیزیا وەرگیراوە کە تاوەکوو پێنج ساڵ کۆرسی تایبەتی وەربگرێت و لەوێ دەستی بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی کردووە.

ناوبراو زیاتر لە 70 گوتاری زانستیی لە بواری ماتماتیک و فیزیا و فیزیای کوانتەمدا هەیە کە بەشێک لەوانە وەکوو نوێترین لێکۆڵینەوەکان لە بواری فیزیای کوانتەم و خێرایی تیشکدا زۆرترین کاردانەوەیان لەنێو کۆمەڵگەی زانستیی جیهانیدا هەبووە.

تا ئێستا سێ خەڵاتی گەورەی بە شێوەی گرووپی و تاکەکەسی پێبەخشراوە. خەڵاتی یەکەم لەبارەی گەشەی تەکنەلۆژیا کوانتەمییەکانەوە بووە کە بڕی 80 ملیۆن دۆلار بووە و دراوەتە گرووپێکی زانستیی فیزیای کوانتەم کە ئیبراهیم کەریمییش یەکێک لەو گرووپە بووە.

هەروەها خەڵاتی "جۆن ئیڤانز" و "ناوەندی نوێکاری کەنەدا"ش دوو خەڵاتی گرینگی دیکەی پرۆفیسۆر کەریمین کە بۆ شێوەی وێنەگرتنی مایکرۆسکۆپە ئەلکترۆنییەکان و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنییەتیی گۆڕانی خێرایی تیشک بووە.

پرۆفیسۆر کەریمی ئێستا سەرەڕای زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی "ماکس پلانک"ـی ئەڵمانییش مامۆستای لێکۆڵینەوەیە و یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان لە بواری فیزیای کوانتەمدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 457

Your Comment

You are replying to: .
captcha