پەلاماردانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە زیادی کردووە
بەشی جیهان- ڕێکخراوی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا باس لە زیاتر بوونی پەلاماردانی هەسەدە دەکات لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا کە لە لەندەن جێگیرە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ڕایدەگەیێنێت کە پەلاماردانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە زیادی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕۆژی ڕابردوو دوو کەسی ماتۆرسیکڵ سوار وێستگەیێکی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان لە شارۆچکەی ئەبووهەمام لە پارێزگای دەیرەزوور بە ئارپیجی کردۆتە ئامانج.

هێشتا خەسارەکانی ئەو هێرشە ڕانەگەیێندراوە بەڵام هێرش بەرەکان توانیویانە لەشوێنەکە هەڵێن.

دوو ڕۆژ پێش ئەم هێرشە، هێرشبەرانی چەکدار هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی ئەنجومەنی سەربازیی ناوچەی هاژین لە شارۆچکەی جزری لە پارێزگای دەیرەزوور.

ڕێکخراوی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا هۆکاری ئەم هێرشانە دەگەڕێنێتەوە بۆ چالاکیی شانەنووستووەکانی داعش لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی هێزە کوردەکانی سووریا.

ئەم ڕێکخراوەیە هەروەها باس لە کوژرانی 522 هێزی شەڕکەری هێزە کوردەکانی سووریا و سەرکردە خۆجێییەکان دەکات.