چارەنووسی تاڵی ژمارەیێک لە ئەندامانی ڕۆژئاوایی هێزە کوردەکانی سووریا
بەشی جیهان- گۆڤاری ئەمەریکەن کنزرواتیڤ باس لە خۆکوژیی ژمارەیێک لە ئەندامانی ڕۆژئایی نێو هێزە کوردەکانی سووریا دەکات پاش گەڕانەوەیان لە سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ساڵی 2014وە کە داعش شاری کوردنشینی کۆبانیی لە سووریا گەمارۆ داهێزە کوردەکانی سووریا کەمپینێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵکی بیانی وەکوو هێزی خۆبەخش کە ئەزموونی شەڕیان بوو، دەست پێکرد.

سەدان کەس لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و کەنەدی و ئەمریکی خۆیان لە هەرێمی کوردستانەوە گەیاندە سووریا تا شان بە شانی هێزە کوردەکانی سووریا شەڕی داعش بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارەیێک لە میدیا ڕۆژئاواییەکان لانیکەم 30 کەس لە ئەندامە بیانییەکانی هێزە کوردەکانی سووریا لە شەڕی داعشدا گیانی خۆیان لەدەست دا.

بەڵام گۆڤاری ئەمەریکەن کنزرواتیڤ باس لە چارەنووسی پڕلەژان و جیاوازی ژمارەیێک لەو ئەندامە بیانییانە دەکات و دەڵێت ژمارەیێکیان دەست بۆ خۆکوژی دەبەن.

لە ئێستادا زۆرینەی ئەندامە بیانییەکانی هەسەدە بۆ وڵاتانی خۆیان گەڕاونەتەوە بەڵام زۆرینەیان بە تۆمەتی بەشداری کردن لەشەڕی وڵاتێکی بیانیدا دادگایی کراون.

پێشتریش چەندین ڕاپۆرت لەسەر دۆخی لانەباری ڕۆحیی ئەندامە بیانییەکانی هەسەدە لە گۆڤارە ڕۆژئاواییەکاندا بڵاو کرایەوە. ئەم کەسانە باسیان لە ئەزموونی تاڵی خۆیان کردووە لە کاتی شەڕی داعشدا.