ڕووسیا و تورکیا ڕێکەوتنێکی گوماناوییان لەسەر عەین عیسا کردووە

بەشی سووریا- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر، دەڵێت: لەسایەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا؛ ئامانجی تورکیا لە هێرش کردنەسەر عەین عیسا دابڕانی ناوچەی جزیرە و کۆبانی لە یەکترە.

«ئالان سلیفی» نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە چارەنووسی عەین عیسا چ دەبێت و تورکیا خەریکی جێبەجێ کردنی چ سیناریۆیێکە، وتی: هێرشێکی بەربڵاو و توند دژی کوردستانی سووریا دەستی پێکردوە بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرپرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەوەی کە گوماناوییە بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریایە هەمبەر هێرشەکان.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر زیاتر وتی: بابەتەکە ڕوون و ئاشکرایە کە لەنێوان ڕووسیا و تورکیا ڕێککەوتن کراوە و پێشتریش ڕووسیا بەستێنەکەی بۆ تورکیا فەراهەم کردبوو.

ئالان سلیفی ئاماژەی دا بە ئامانجی تورکیا لە هێرش کردن بۆ سەر عەین عیسا و وتی: لەسایەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا؛ ئامانجی تورکیا لە هێرش کردنەسەر عەین عیسا دابڕانی ناوچەی جزیرە و کۆبانی لە یەکترە.

ناوبراو جەختی کردەوە: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نموونەیێکی سەرکەوتووە لە بەڕێوەبەری و حکوومەت کردن لە سووریا و ئەمەش لەلایەن هەموو ئەو شاندە ئەورووپییانە کە سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن پشتڕاست کراوەتەوە.

ئالان سلیفی وتیشی: ئاشکرایە کە ڕێککەوتنی نهێنی لەنێوان ڕووسیا و تورکیا هەیە لەسەر عەین عیسا ئەم بابەتەش دەتوانێت پرسی ئیدلیب و کشانەوەی هێزە تورکەکان بێت لە ژمارەیێک لە بنکە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 460

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha