خەمساردیی ئیدارەی جۆ بایدن لەبارەی دانوستانی کوردی-کوردی
بەشی جیهان- شرۆڤەکارێکی پرسی کورد دەڵێت: لەوەتەی جۆ بایدن ئیدارەی ئەمریکای بەدەستەوە گرتووە، بەشێوەیەک بێ مەیلی لەبارەی دانوستانی کوردی-کوردی لە عێراق و سووریا ڕوویداوە ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن دەتوانێت کۆتایی بە ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هیوا عوسمان شرۆڤەکاری پرسی کورد بە ئەلمۆنتیۆتری وتووە ئیدارەی نوێی ئەمریکا خەمساردە لەبارەی دانوستانی لایەنە کوردییەکان لە سووریا.

ناوبراو بڕوای وایە ئەمریکییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا خەمسارد بوون هەمبەر دانوستانی کوردی-کوردی دوو لایەنی سەرەکیی کوردەکان لە سووریا و هەروەها بێ مەیلیی نیشان داوە لەبارەی دانوستانی ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەش بووەتە هۆی قووڵتر بوونی ناکۆکیی نێوان کوردەکان.

ئەم شرۆڤەکارەی پرسی کوردەکان دەڵێت خەمساردیی ئەمریکا دەتوانێت نیشاندەری ئامادەبوونی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە و ڕادەست کردنی بە تورکیا بێت کە ئەمەش خەیانەتێکی دیکەیە لەلایەن ئەمریکاوە.

هیوا عوسمان ئاماژەی داوە بە داخرانی تەنها دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا و کاریگەریی داخستنی ئەو سنوورە لەسەر ژیانی خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەڵێت چارەسەر کردنی ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و باشتر بوونی ژیانی دانیشتووانی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا بەسراوە بە هەوڵەکانی ئەمریکاوە؛ بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایە ئەمەیە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەبارەی ئەم نێوەندگیرییە خەمساردە.