بەبۆنەی کۆچی دواییی نووسەر و لێکۆڵەر و تێکستۆلۆگـی مەهابادی، سەید نەجمەددینی ئەنیسی/محەممەد ئەحمەدیان

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- لە ڕۆژێکی سارد و بەستەڵەک_هەینی 3ـی بەفرانباری 1400ـی هەتاوی_هەواڵی کۆچی دواییی "مامۆستا سەید نەجمەددینی ئەنیسی"، نووسەر و لێکۆڵەر و "تێکستۆلۆگ"ـی بواری شێعر و فۆلکلۆری کورد له شاری مەهاباد بڵاوبۆوە؛ ئەو هەواڵە خەمخۆرانی ڕێبواری مەڵبەندی شێعر و ئەدەب و زمان و کتێبی کوردی تازیەبار کرد. تەرمی ئەو نووسەرە لە بەشی "2"ـی گڵکۆی نەمران، بە هاوبەشی جەماوەری لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەب، ئەسپاردەی خاک کرا.

دنیـــــــا گشـــــت فــــــانی، هەر وێشـــــەن بــــاقی

موتریب وەرە دەستی من و دامانی، وەفات بێ

سووتام بە مەستی مەیەوە، دەنگی نەوات بێ

هەستە وەرە لەو جامی"اَلَس٘ت"ـە بدە دەستم

بەستەی دەری گوڵزارە، ئەوەی مەستی سەفات بێ

"وەفایی/313"

سەید نەجمەددینی ئەنیسی کێ بوو؟ ساڵی 1325ـی هەتاوی له بنەماڵەیەکی ناسراو لە شاری مەهاباد هاتە دنیا، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، له چەندڕێیانی ژیاندا، ڕێگای خوێندن و نووسین و دوایە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بابەتی بەیت و باو و فۆلکڵۆر و چەمکی فەرهەنگ و شێعر و ئەدەبی کوردی هەڵبژارد؛ پرسیار ئەوەیە چۆن بوو سەید نەجمەی گەنج لە سەرەتای تەمەنی کەوتە نێو ئەو بوار و ڕەهەندەوە؟ گومان لەوەدا نییە، مەڵبەندی ژیان و هەڵس و کەوتی بنەماڵە و خاووخێزان بەتەواوی شوێن لەسەر داهاتووی مرۆڤ دادەنێ، لەو سەردەمەدا کە سەید نەجمە گەنج بوو، شاری سابڵاغ شارێکی ئاوەدان و پاک و خاوێن و خاوەنی چەند شەقام و چەند گەڕەک و قوتابخانەی هەراو و نوێژگەی ئاوەدان و گەرماو و کاروانسەرا و چەند قاوەخانەی قەرەباڵغ و بەڕمێن و پڕحەشیمەت بوو.

قاوەخانەکان زۆرتر جێی کۆبوونەوەی ئاپۆرەی خەڵک بوون، وەک "قاوەخانەی قالەسێڵە"، "قاوەخانەی کەریم سێ‌بست"،" قاوەخانەی سەربەرداش"، "قاوەخانەی کەریم جووجوو"، "قاوەخانەی ڕەحمەتوڵڵا"، "قاوەخانەی حاجی ڕەشە"،" قاوەخانەی عیمادی" و چەند قاوەخانەی تر. بەهەڵکەوت یەکێک لەو قاوەخانە قەوغایانە کە هامووشۆی زۆر لەسەر بوو، بەتایبەت زۆربەی بەیت‌بێژ و حیکایەت‌خوێنەکانی ئەو سەردەمە لەو شوێنە کۆدەبوونەوە و خەڵکی ئاپۆرەی شار لە دەورەیان دەهاڵان، قاوەخانەی "سەید عەلی"، بابی سەید نەجمەددینی ئەنیسی بوو. قاوەخانەی سەید عەلی لە "شەقامی شاپوور"، ڕووبەڕووی "کتێب‌فرۆشیی سەیدیان" هەڵکەوتبوو.

هامووشۆی ئەو قاوەخانەیە و سەردانی ئەو کتێب‌فرۆشییە واتە "کتێب‌فرۆشیی سەیدیان" وردە وردە شوێن لەسەر بیر و هزری سەید نەجمەی گەنج دادەنێ، دەکەوێته سەر ڕاستەڕێی بەدواداچوونی بەیت و باو و فۆلکلۆر و ناسینی بەیت‌بێژ و حیکایەت‌خوێنەکانی ئەو سەردەمە. ئەو کاتە بەختەوەرانە زۆربەی بەیت‌بێژانی موکریان لەژیاندابوون و زۆر ئاسایی هامووشۆی سابڵاغیان دەکرد و لە قاوەخانەی سەید عەلی دەگیرسانەوە، سەید نەجمە وەک خۆی باسی دەکرد: "بەیت‌بێژی وەک "هەباسەخڕەی کامەم" و "حوسێن کەنیلە" و " ڕەسووڵ باڵەکی" و" سۆفی ڕەحیمی بەیرەمی" و" محەممەدی خاڵەی" و "حەمەدی بەیتان" و" کوێخا عەوڵای دەرمان" و "عەلی کەردار" و " مەحمەڵ" و " خدری ساڵەجوامێر" و هەروا حیکایەت‌خوێنی وەک "مام ئەحمەدی لوتفی" و" میرزا عەوڵا"، ئەوانە هەموویان هامووشۆی قاوەخانەی سەید عەلی بابمیان دەکرد." ئەو بەیت و حیکایەتانەی لە قاوەخانەی سەید عەلی بابی گوێڕایەڵیان بوو، شوێنیان لەسەر بیر و هزری سەید نەجمەی لاودا دانا، تا ئەو ڕادەیە ئۆگری ئەو بابەتانە بوو دەنگی زۆربەی ئەو بەیت‌بێژ و حیکایەت‌خوێنانەی لەڕێی "ڕێکۆڕد"و زەبت_کە تازە هاتبووە موکریان _ لەسەر زار و زمانی خۆیان تۆمار کرد و وەک سەرچاوەیەکی بەنرخ و گەنجینە و خەراجاتێکی باییدار هەڵیگرتن بۆ ئەوە ڕەشەبا وشەختەی پاییزی زۆرداری لەبەینیان نەبا.

ئەو سەرقاڵی و خولیابوونە، بوو بە هۆی ئەوە سەید نەجمە لە تێکۆشان بۆ خوێندنی باڵا و تێپەڕاندنی پلەکانی خوێندنی سەروو وەدواکەوێ، تەنانەت لە ژیانی ئابووری و سامانی دنیایی وەپاش کەوێ، بەڵام لەجێی ئەوانە، خەزێنەیەکی گرانبایی و دەوڵەمەندی لە وشە و زاراوەی ڕەسەن و بەیت و حەیران و حیکایەت و پەندی پێشینیان کۆکردەوە، ئەوە ویستی دڵی ئەو مرۆڤە بوو ،ئیدی قازانج و زیان و زەرەری ماڵی و دنیایی بەری چ دارێکە؟! لەبیرمان بێ ئەوە لە کاتێکدابوو کە زۆربەی هاوتەمەنەکانی سەید نەجمە لەوشارەدا سەرقاڵی ماڵداری و خولیای کۆکردنەوەی سامان بوون، خزمەت بە زمان و ئەدەب و شێعر و بەیت و فۆلکلۆری کوردی لای ئەوانە بایی پووشێک نەبوو، زۆرتر خولیای ژیانێکی ڕواڵەتی و خولیای جل و بەرگ و شەپکە و دوولینگە و خواردن و خواردنەوە بوون، ئەگەر کاتێکیان بۆ گوێ‌ڕاگرتن تەرخان کردبایە، زیاتر گوێڕایەڵی گۆرانی‌بێژانی فارس دەبوون.

ئەوانە لەو کاتە‌دا بەوخولیابوون و سەرقاڵییەی سەید نەجمە پێکەنینیان دەهات، بەڵام سەید نەجمە ئاگادار بوو، دەیزانی "بەیت "ـی کوردی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی وشە و زاراوەی ڕەسەن و هەمە ڕەنگە، تەنانەت شێعری نوێی کوردی له داوێنی بەیت پێگەیشتووە، ئاگاداربوو بەیتی کوردی لە "ڕۆمانس"ـی ئەسپانیایی و "بیلیا"ـی ڕووسی و "ویسە"ـی دانماڕکی و گۆرانییەکانی ئەسکاتلەندی و بریتانیایی کەمتر نییە و بۆ ئەوە دەبێ خوێندەواری کورد خۆی پێوە ماندوو کا و تەمەنی لە ڕێیدا بەخت بکا. هەر لەبەر ئەوە تا دوایین ساڵەکانی تەمەنی خەریکی کۆکردنەوەی ئەو بەیتانە بوو، نەیهێشت ڕەشەبا و شەختەی پاییزی زۆرداری ڵەناویان بەرێ و ئاڕشیوێکی دەوڵەمەندی هێنا بەرهەم، بەڵام بەداخەوە بە هۆی دەستکورتی و ئاوڕنەدانەوەی بنکە فەرهەنگییەکان، نەیتوانی ئەو سەرچاوە دەوڵەمەندە و ئەو هەمووە دەنگ و وێنە دەگمەنە بڵاو بکاتەوە، مەخابن ئێستا بە پڕژوبڵاوی و دوور لە سێبەری سەید نەجمە لە دیوێکی تایبەت‌دا بەجێماون.

جیا لە شوێنی قاوەخانە، کتێب و کتێبخانە و کتێبفرۆشی زۆر شوێنی لەسەر چالاکیی سەید نەجمە دانا، بەتایبەت" کتێبفرۆشی سەیدیان" کە ڕووبەڕووی قاوەخانەی بابی سەید نەجمە بوو؛ جاروبار بە پێی هەل و هەڵکەوت کتێبی مێژوویی و گۆڤار و دیوانی شاعیرانی کوردی لەودیو _کوردستانی عێڕاق _ڕا بۆ دەهات، خاوەنی ئەو کتێبفرۆشی‌یە"مەلا حەمەدەمین" بەترس و دڵەڕاوکێ _ بەنرخی زۆر گران _ کتێبی کوردی دەدا بەو کەسانەی مەترسیان لەسەر نەبوو، سەید نەجمە یەکێک لە کڕیارانی تامەزرۆی ئەو چەشنە کتێبانە بوو، تەنانەت ئەو قاچاغچییانەی ئەوکات بەرەو کوردستانی عێڕاق و گەرمێن دەڕۆیشتن، لەسەر ویست و داوای سەید نەجمە، کتێب و گۆڤار و دیوانی شێعری قەدەغەکراویان لە بارەتووتن‌دا دەشاردەوە و بۆ سەید نەجمەیان دێنا؛ بەوجۆرە وردە وردە سەید نەجمە لەوکاتە کتێبخانەیەکی لیپاولیپ لە کتێبی مێژوو و شێعر و ئەدەب و هەمووجۆرە گۆڤارێکی کوردی کۆکردەوە، سەید نەجمە لە خوێندنەوە و بەراوەردکردنی ئەو کتێبانە بەباشی ڕاهات، نووسین و خوێندنەوەی کوردی بوو بە کارێکی ئاسایی بۆ سەید نەجمە. ئەوە لەسەردەمێک دابوو کە خوێندن و خوێندنەوە و ڕاگرتنی کتێبی کوردی لە لایەن یاسای ڕەشی ساواک یاساغ کرابوو، خوێندنەوە بە زمانی کوردی، بەتایبەت لە سابڵاغ، تاوانێکی قورس‌تر بوو.

ساڵی 1350ـی هەتاوی "ڕادیۆ_تلەویزیۆن" لە مەهاباد دامەزرا، ئەوە دەرفەتێک بوو _ دەرفەتێکی یاسایی _ بۆ ئەوە سەید نەجمە بتوانێ لەو ڕێیەوە، لەڕێی بەرنامەی کوردی ڕادیۆ، ئەو بەرهەمانەی بڵاو بکاتەوە و لەو ڕێیەوە بە ئاشکرا خزمەتی زمان و ئەدەبی کورد بکا. ساڵی 1350ـی هەتاوی ڕادیۆتلەویزیۆنی مەهاباد دەستی بەکارکرد؛ ڕادیۆ کەرەسەیەکی دنیای مۆدێڕن بوو، ئەو سەردەمە ڕادیۆ کوردییەکان کاریگەری تەواویان لەسەر ژیان و بیر و هزری مرۆڤی کورد هەبوو و هەرچەند بۆ مەبەستی تایبەت دامەزرێندرابوون بەڵام سەرنجی گوێگری کوردیان ڕادەکێشا. سەید نەجمەددینی ئەنیسی وەک لاوێکی تەمەن 25ساڵ بەهێز و توانایی و گوڕ و تینێکی تایبەت لە ڕادیۆ مەهاباد_بەشی کوردی _ دەست بەکاربوو، بەرپرسیارێتی بەرنامەی "کاروانی شێعر و گۆرانی" پێ سپێردرا، هەموو ڕۆژێ لە کاتی دیاری‌کراودا_ساعەت سێی پاش‌نیوەڕۆ _ بەرنامەی کاروانی شێعر و گۆرانی لە نووسین و پێشکەش‌کردنی سەید نەجمەددینی ئەنیسی بڵاو دەکرایەوە، ماوەی پتر لە 20 ساڵ ئەو بەرنامەیە بڵاو دەبۆوە. ئەو بەرنامەیە بۆ ناسینی شاعیرانی کورد و ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی بەتەواوی بەکەڵک بوو؛ لەو کاتەدا زمانی کوردی لە ئێران بەپێی یاسای ڕەشی دەسەڵات یاساغ بوو، خاوەنی هەر نووسراوە و پەڕتووک و شێعرێک بەکوردی لەلایەن ساواک بەرپرسیار بوو، لەو سەردەمە حەستەمەدا سەید نەجمەددینی ئەنیسی لە ڕێی ئەو بەرنامەیەوە، لەسەر زمان و ئەدەب و شێعر و فۆلکلۆری کورد بابەتی بەپێزی بڵاودەکردەوە، نەک وەکوو ئەرکێکی ئیداری و فەرمی و بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بەڵکوو وەک حەز و خولیا و خۆشەویستییەک بۆ نەتەوە و نیشتمان؛ بەڕاستی سەید نەجمە لەو بوارەدا ڕچەشکێن بوو.

لەڕێی بەرنامەی "کاروانی شێعر وگۆرانی"، سەید نەجمە لەگەڵ زۆربەی شاعیران و هەستیاران و نووسەران پێوەندی و ئاشنایی پەیدا کرد، لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستانی باشوور وەک: دوکتۆر عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ و حەمەی مەلا کەریم و دوکتۆر مارف خەزنەدار و ڕەئووف بێگەرد و غەمبار و فانی و بیمار و مەدهۆش و ئەحمەد هەردی و کاکەی فەللاح و کامەران موکری و حەسیب قەرەداغی و فەتاح شاکر و حەمەساڵح دیلان و زۆر کەسی تر نامەگۆڕینەوە و دۆستایەتی گەرم و گوڕیان بوو، هەموو ساڵێ سەردانی کوردستانی باشووری دەکرد و ماوەیەکی زۆر دەمایەوە و زۆربەی ئەو کەسایەتییانەش دەهاتنە مەهاباد و میوانی سەید نەجمە دەبوون؛ هەروا دۆستایەتی گەرم و گوڕی لەگەڵ شاعیران و هەستیارانی ناوچەی موکریان و سنە و کرماشان هەبوو وەک: مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا حەقیقی و مامۆستا خاڵەمین بەرزەنجی و سەید کامیلی ئیمامی و خالیدئاغا حیسامی"هێدی" و میرزا محەممەدی نووری و مەلا سەدیقی مەحموودی و مامۆستا نافیع مەزهەر و سەید برایمی ستوودە و سەید تاهیری هاشمی و زۆربەی کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستانی ئێران؛ شێعری لێ وەردەگرتن، وێنەی دەگرتن، ئەو هەموو حەول و دەولەی بۆ ڕازاندنەوەی بەرنامەی "کاروانی شێعر و گۆرانی" بوو. سەید نەجمەددینی ئەنیسی ماوەیەکی زۆر لە ڕادیۆ تلەویزیۆنی مەهاباد هاوکاری بابم "مامۆستا مەلا عەبدولڵا ئەحمەدیان" بوو، بەردەوام هاموشۆی بابمی دەکرد و هەواڵ و باسی شاعیر و نووسەر و کەسایەتییەکانی بۆ دەگێڕاوە، بۆ نووسینی بابەتی ئەدەبی و شێعر بابمی هان دەدا، بۆ وێنە ساڵی 1371ـی هەتاوی پێداگری سەید نەجمە بوو بە هۆی ئەوه بابم لە کۆنگرەی مەولەوی کورد لە شاری سەقز بەشداری بکا و وتارێک بخوێنێتەوە، ئەو وتاره زۆری دەنگ دایەوە.

سەید نەجمەددینی ئەنیسی دوای کۆکردنەوەی دیوانی سەید کامیلی ئیمامی"ئاوات"، چووبووە خزمەت مامۆستا هەژار لە کەرەج، بۆ ئەوە مامۆستا هەژار سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو دیوانە بڕیار بدات، مامۆستا هەژار لە سەرەتای ئەو دیوانە نووسیویە:"برای هونەردۆست و خاوەن مرخ کاکە نەجمەددینی ئەنیسی _خودا بە ئەدەبیاتی کوردی بهێڵێ_ ڕۆژێک وەک فریشتەی بەخت و هات لە کەرەج کە بۆ من وەک چزیرگەیەکی چۆڵ و هۆڵ وایە پەیدا بوو، دیوانی شێعری کاکە سەید "کامیل"ـی لە بن باخەڵدابوو کە لێی ڕوانم و بیر و بڕوای خۆمی لەسەر دەربڕم....ماڵم قەبرە سەید"کامیل" هەرچی گوتوویە، مەحشەری کردووە و خوێندەوارانی ئەدەب‌پەروەر و دوڕناس دەزانن کە سەید "کامیل" زۆر شاعیرێکی کەم‌وێنەیە، لەخوام تەڵەبە مەرگی نەبینم و لەخوام تەڵەبە بتوانێ پتر ئەدەبیاتی کوردی گەشە پێ بدا، ئامین یا ڕەببەلعالەمین_شاگردێکی بچووکی سەید کامیل_عەبدوڕڕەحمان "هەژار"_کەرەج 1364/9/18".(پێشەکی دیوانی ئاوات) لەو سەردەمەدا بەشی زۆری دیوانی شاعیرانی کوردی ڕۆژهەڵات کۆنەکرابوونەوە و چاپ نەکرابوون، سەید نەجمەددینی ئەنیسی بەشی زۆری ئەو دیوانەشێعرە و دەستخەتانەی لە ڕێی خاوەنەکانیان، یان لە ڕێی خزم و بنەماڵەیان وەدەست‌هێنا و کۆی کردنەوە و پارێزگاری لێکردن و لە تێداچوون وهێرشی ڕەشەبا و شەختەی پاییز ڕزگاری کردن. زیاتر لە 100 دیوانی شێعری لەوچەشنە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ئامادەکرد.

بەداخەوە لەو دیوانانە تەنیا توانی 6 دیوان چاپ و بڵاو بکاتەوە: 1.دیوانی حەریق؛ 2. دیوانی سەید کامیل؛ 3.دیوانی ئەحمەدی کۆر؛ 4.دیوانی سابیری؛ 5.دیوانی شێخ ئیسماعیلی بەرزەنجی"زەبیحی"؛ 6.شێعر و قسەنەستەقەکانی سەید ڕەشید"چاوەش". سەرەنجام ئەو مرۆڤە دڵسۆزە لە بواری خزمەت بە فەرهەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆری کورد نزیک بە نیوسەدە کاری کرد، ئاڕشیوێکی دەوڵەمەند لە دەنگ و وێنە و دەستنووس و دەنگی بەیت‌بێژان و حیکایەت‌خوانانی موکریان و ناوچەکانی تری کۆکردەوە، هەروا بە هۆی حەول و دەول و پەیجۆری ئەو، نزیک بە 100 دیوانی شێعری چاپ‌نەکراو و بڵاونەکراوە و دەستخەتی شاعیران و هەستیارانی موکریان لە ئاڕشیوی سەید نەجمەدا جێیان بۆتەوە. من، نووسەری ئەو بابەتە زۆر لەمێژە، لە ساڵی 1351ـی هەتاوییەوە بەردەوام ئاگاداری ئەرک و ئیش و ژیان و چالاکییەکانی مامۆستا ئەنیسی بووم، لە کۆڕ و کووبوونەوە و کۆنگرەکان وەک کۆنگرەی مەولەوی کورد لە سەقز، کۆنگرەی فەرزانەگانی کورد لە سنە، کۆڕی یاد و بیرەوەری وەفایی لە مەهاباد، کۆڕی یاد و بیرەوەری مامۆستا هەژار له مەهاباد، هەروەها دوایین کۆڕێکی کە چالاکانە تێیدا بەشدار بوو: کۆنگرەی ئەحمەدی کۆر لە شنۆ ساڵی 1394ـی هەتاوی؛ لەو کۆنگرەیەدا وتارێکی بەپێزی لەسەر کاریگەری قوڕئان و حەدیس لە شێعری ئەحمەدی کۆردا پێشکەش کرد و خوێندیەوە. جیا لە هەمووی ئەوانە، لە میوانی و سەردانی کەسایەتییەکان‌، لە خزمەت بابم‌دا، هاوڕێی ئەو مرۆڤە چالاک و دڵسۆزە بووین و زۆرم بیر و بیرەوەری ئەو کاتانە لە زەین‌دا ماوەتەوە.

چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ وەدەست هێنانی وێنەیەکی مێژوویی خۆی و بابم و مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی کە ساڵی 1354 ئەو وێنەیە کێشرابوو، هەروا بۆ وەدەست‌هێنانی گۆڤاری کاروان، ژمارە(66)، تەمووزی 1988، کە بابەتێکی لەسەر "عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی" تێدابوو، بەرەو ماڵی سەید نەجمەددینی ئەنیسی وەڕێکەوەتم، بەدڵاوایی و دەستی کراوە و سینگ‌فراوانییەوە فەرمووی کتێبخانە و ئاڕشیوی تایبەتی کردم، ئەو وێنە و بابەتەی بەزەحمەت بۆ پەیدا کردم، لە نزیکەوە جارێکی تر چاوم بە کتێب و نووسراوە و دەستخەت و کاسێت و ئاڵبۆمی وێنەکان کەوت، بەڵام بە هۆی دەسکورتی و ناساغی سەید نەجمە تۆزی خەم لەسەر لاپەڕەکانیان بەرچاو بوو، وەک باسی کرد بۆ کۆکردنەوەی هەر یەک لەو کتێب و دەفتەر و بەیاز و لاپەڕە نووسراوانە زۆری حەول داوە و تەمەنی لەسەر کۆکردنەوەیان داناوە.

ساڵێک بەر لە ئێستا لەگەڵ بەڕێز"مستەفا شەڕەفکەندی" کوڕی مامۆستا هەژار سەردانی "مامۆستا سەید نەجمەددینی ئەنیسی"مان کرد، بەداخەوە زۆر بێ‌هێز و بێ‌تاقەت بوو، بەدیتنی ئێمە کوڵی گریانی هەستا و فرمێسکەکانی بە لاڕوومەتەکانی‌دا هاتنە خوارێ، کوتی:" ئای چەندم پێ‌خۆش بوو هاتن، وادەزانم مامۆستا هەژار و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا هاتوونەتە سەردانم!". بەو هیوایەی دوای کۆچ‌کردنی ئەو مرۆڤە ماندوو و بەئاوات‌نەگەیشتووە بۆ دنیای نەبڕاوە و هەرمان، ئەو بەرهەم و دەستنووس و وێنە و دەنگە تایبەتییانەی کۆی کردوونەتەوە، بکەونە دەست کەسێک/کەسانێکی دڵسۆز و لێزان و مشوورخۆر و پەیجۆر یان بنکەیەکی فەرهەنگی شیاو و بەوەج تا کەڵکی تەواویان لێ‌وەرگیرێ و چاپ و بڵاو ببنەوە و تەپ و تۆزی فەرامۆشی و خەم لەسەر لاپەڕەکانیان لابچێت. سەید نەجمەددینی ئەنیسی لە هەورازی ڕژدی ژیان‌دا زۆر ناڕەحەتی و چەرمەسەری تووش بوو و بە هەناسەساردی سەری نایەوە، لە بارەگای میری مەزن دەپاڕێینەوە لەولا بحەسێتەوە و ئۆقرە بگرێ.

مەهاباد_7ـی بەفرانباری 1400ـی هەتاوی

محەممەد ئەحمەدیان نووسەر و لێکۆڵەر

News Code 4627

Your Comment

You are replying to: .
captcha