ڕووخانی عەین عیسا دۆخی کۆبانی و مەنبج دەخاتە مەترسییەوە

بەشی سووریا- دامەزرێنەرێکی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتیکی کانتۆنی کۆبانی ڕایگەیاند: تورکیا بەنیازە عەین عیسا کە ناوەندی ستراتێژیکی کوردستانی سووریایە داگیر بکات.

«بێریڤان حەسەن» ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) و هاوکات هاوسەرۆکی ئەم حیزبە لە ناوچەی فورات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هێرشەکانی ئەمدوایەی تورکیا بۆسەر عەین عیسا و وتی: هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی سەربەو وڵاتە دژ بە عەین عیسا درێژەی هەیە و هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە جگە لە خەڵکی عەین عیسا ئاوارەکانی ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانی-ش لە عەین عیسادا دەژین.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا پێبەندی ئاگربەستەکان نەبووە و پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان هەنگاو هەڵدەگرێت و بە هێرش کردنە سەر عەین عیسا و کوردستانی سووریا هەڕەشە لە گیانی خەڵکی مەدەنی دەکات.

ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەبارەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی سووریا وتی: ڕووسیا و حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبارەی عەین عیسا جێبەجێ ناکەن و ئەمەش دەریدەخات هێرشەکانی تورکیا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد عەین عیسا وەکوو ناوەندی ستراتێژیکی کوردستانی سووریا کە حەفت ناوچەی ئیدارەی خۆسەر پێکەوە دەلکێنێت و پێگەیێکی ژێئۆپۆلۆتیکی تایبەتی هەیە و تورکیا بەنیازی داگیر کردنیەتی و پاش ڕووخانی ئەم ناوچەیە دۆخی کۆبانی و مەنبج-یش دەکەوێتە مەترسیەوە.

بێریڤان حەسەن وەبیری هێنایەوە: خەڵکی کوردستانی سووریا ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبنەوە و بە یەکڕیزیەوە بەرخۆدان دەکەن و داوا لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکان دەکەن ڕێگا بە دەستدرێژیی تورکیا نەدەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 468

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha