ئەمریکا بە تورکیای وتووە خاکی سووریا بەجێبهێڵێت

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: ئەمریکییەکان بە تورکیایان وتووە کە بەپێی خشتەیێکی کاتی و بشێوەی هێدی هێدی خاکی سووریا چۆڵ بکات.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە گۆڕینی سیاسەتی تورکیا لە شەڕی زەمینییەوە بۆ شەڕی ئاسمانی لە دژی کوردەکانی سووریا و وتی: تورکیا بەهەموو تواناکانییەوە خەریکی جەنگە لەگەڵ کوردەکان و لە زەمین ئاسمانەوە دەیانکاتە ئامانج.

ناوبراو وتیشی: تورکیا بە دوای دەرفەتێکدایە کە گڵۆپی سەوزی هێرش کردن لە ڕووسیا و ئەمریکا وەربگرێت و جارێکی تر هەوڵ بۆ داگیر کردنی بەشێکی تر لە خاکی کوردستانی سووریا بدات. تورکیا پاوانخوازە و بە هزری عوسمانییەوە بەدوای داگیر کردنی خاکی کوردستاندایە.

کۆفان کەنعۆ زیادی کرد: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی ڕاهێندراو و توانان و لە شەڕی داعشدا هێزی خۆیان نیشان داوە بەڵام تورکیا لەبواری کەرەستە و تەکنەلۆژیاوە زۆر پێشکەوتووە و ئەندامی ناتۆیە بۆیەش هاوسەنگیی هێز لەنێوان تورکیا و هێزە کوردەکاندا نییە و ئێمە داوای لە ڕووسیا و ئەمریکا دەکەین مۆڵەتی هێرش کردن بە تورکیا نەدەن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەمریکا و ڕووسیا بەڵێنیان داوە کە تورکیا ئەو مۆڵەتە بەدەست ناهێنێت. لەلایێکی دیکەشەوە ئێمە هەوڵە دیپلۆماتیکەکانمان خستۆتە گڕ و لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژئاواییدا دەستمان بە گفتوگۆ کردووە. هەروەها دانوستانی لایەنە کوردییەکانی سووریا بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە زۆر گرینگە.

کۆفان کەنعۆ ڕاشیگەیاند: کێشەی زۆرمان هەیە. ئێمە هێشتا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ڕێکنەکەوتووین یان قەناعەت بە ئەورووپا بێنێن تا تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکەر بناسێنن. بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە؛ ئەمریکییەکان بە تورکیایان وتووە کە بەپێی خشتەیێکی کاتی و بشێوەی هێدی هێدی خاکی سووریا چۆڵ بکات.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: ئێمە دەبێت بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا کە لە خاکی کوردستانی سووریا بکشێتەوە و پێویستە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لەبارەی بارودۆخی سووریا گفتوگۆ بکەین.

News Code 4717

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha