بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە دەروازەی حاجی ئۆمەران داوایێک ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەروازەی حاجی ئۆمەران داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر و خراپیی كەشوهەوا لە سنوورەكەیان، ئەگەر بۆ كارێ زۆر پێویست نەبێت، جارێ سەردانی دەروازەكەیان نەكەن بەمەبەستی گەشتكردن بۆ ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئاگاداری هەموو گەشتیاران و هاوڵاتیان دەکەین لە بەر بارینی بەفرێکی زۆر و سەختی رێگاکان و کەم بوونەوەی ئاستی بینین و تێکردنی بەفرێکی زۆر بە با و کڕێوە و خراپیی کەشوهەوا داوا دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت جارێ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەکرێت بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ئێران.

هەروەها داواشی لەو هاوڵاتییە ئێرانیانە كردوە كە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، جارێ سەردانی دەروازەكەیان نەكەن تاكوو بارودۆخەكە بەباشی ئاسایی دەبێتەوە.