حکوومەتی زۆرینە لە عێراق کێشە دروست دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند عێراق پێویستی بە حکوومەتی تەوافوقیە و حکوومەتی زۆرینە لەم وڵاتە کێشە دروست دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد حاجی مەحموود لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیاری شارپرێس وتی: "ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار لەنێوان دوو حزبدایە، هەرکەسیش ئازادە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕاشیدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد گرنگە و جێگەیێکی تایبەتی هەیە لە 193 دەوڵەتی جیهاندا.

محەمەد حاجی مەحموود وتیشی: "عێراق پێویستی بە حکوومەتی تەوافوقیە و حکوومەتی زۆرینە کێشە دروست دەکات".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لەساڵی 2018ەوە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکانی بەغدا و هەرێم تێکچووە و نەماوە.