بە هیچ شێوەیێک گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە بیانی و ناوخۆییەکانی سووریا ڕەت ناکەینەوە

بەشی سووریا- ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) دەڵێت: ئێمە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی وڵات هیچ کاتێک دەرگای دانوستانمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە لە سووریان دانەخستووە.

ئەحمەد شێخۆ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە وەڵاامی پرسیارێکی کوردپێسدا کە ئایا سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر چ بنەمایێکە وتی: لەو دەمەوە کە بزووتنەوە لە کوردستانی سووریا دەستی پێکردووە ئێمە گفتوگۆی گشتگیرمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەست پێکردووە و پێوەندی لەگەڵ لایەنێک بە مانای دوژمنایەتی کردنی لایەنێکی دیکە نازانین و هەروەها ئیرادەمان لەسەر بێ لایەنی نەبووە.

ناوبراو درێژەی دا: پاش ئەوەی بزووتنەوەکەمان لە کوردستانی سووریا بەهێزتر بوو و گەشەی سەند و لەجیهاندا ناسێندرا، بەتایبەت پاش بەرخۆدانی کۆبانی هاوپەیمانان داوای هاوکارییان کرد و پەیوەندییەکە دروست بوو.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک هەروەها ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سووریا هێزی نێونەتەوەیی دیکەش هەن و ڕووسیا کاریگەریی زۆری لەسەر سیاسەتی سووریا هەیە بەتایبەت کە ڕۆڵی گرینگ دەگێڕێت لە دانوستانەکان بۆ داهاتووی سووریا.

ناوبراو ئاشکرای کرد: سەرەڕای ئەوەی تا ئەم کاتەیش لە گفتوگۆکاندا هیچ هەنگاوێکی گرینگ لەلایەن ڕووسیاوە بۆ کوردانی سووریا هەڵنەگیراوە بەڵام پەیوەندییمان تا ئەم کاتەش لەگەڵ ڕووسیەکان بووە.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک وەبیری هێنایەوە بە هیچ شێوەیێک گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە بیانی و ناوخۆییەکانی سووریامان ڕەت نەکردۆتەوە.

ئەحمەد شێخۆ وتیشی: لەگەڵ هەموو لایەنە ڕۆژئاوایی و عەرەبیەکاندا (لەوان میسر و ئیمارات) خەریکی گفتوگۆ کردنین بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا و هەوڵ دەدەین هەنگاوی ئەرێنی و گەورەتر لەم پێناوەدا هەڵبگرین.

News Code 4745

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha