نووسینگەی جێگری دووهەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کەرکوو کرایە ئامانج
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مشه‌و له‌ڕێگه‌ی بۆمبێکی ده‌ستیه‌وه‌ هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر نووسینگه‌ی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌یێکی ئه‌منی له‌ پارێزگای که‌رکووک  به‌ خه‌ندانی راگه‌یاندووە: ئه‌مشه‌و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداری نه‌ناسراوه‌وه‌ بۆمبێکی ده‌ستی هه‌ڵدراوه‌ته‌ ناو نووسینگه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵا و ته‌قیوه‌ته‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا زیانی زۆری به‌ر بینای نووسینگه‌که‌ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی گه‌یاندووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌ش کرد، هێرشه‌که‌ هیچ زیانێکی گیانیی لێنه‌که‌وتوه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م پاسه‌وان و کارمه‌ندانی نووسینگه‌که‌ی جێگری دووه‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق سه‌لامه‌تن.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا  بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگایێکی هاوپەیمانی تەقەدومی سونەکان کرایه‌ ئامانج.