موقتەدا سەدر: ئەوانەی خۆیان بە بەرگریکاری عێراق دەزانن نابێت عێراقییەکان بکەنە ئامانج

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر بنکە و بارەگای حزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقتەدا سەدر لە توویتێکدا ڕایگەیاند: هەندێک هێزی سیاسی لە ڕابردوودا دژ بە هەڵبژاردنەکان و حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پەنایان بۆ دەسەڵاتی دادوەری عێراق برد، لەمبارەیەوە هیچ قسەیەکمان نەبوو، چوونکە ئەمە بابه‌تێكی یاساییە و تەنانەت ئەوە جێگەی ڕەزامەندی ئێمە بووە".

ڕاشیگەیاند: لۆژیکی نییە سیاسەتمەدارێک پەنا بۆ توندوتیژی ببات لە ئەگەری بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی، چونکە سیاسەت ڕۆژیک بۆ تۆیە و ڕۆژێک بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئەوانەی خۆیان بە بەرگریکاری عێراق دەزانن نابێت عێراقییەکان بکەنە ئامانج، چونکە ئەمە دۆخی ئەمنی خراپتر دەکات و ناوبانگیشیان لەنێو خەڵک خراپ دەکات.

له‌ تویته‌كه‌دا هەروەها داوای لە حکوومەتی عێراقیش كرد بەزووترین کات ڕێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی بکەرانی، بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی نەبێتە یاری دەستی ئەم و ئەو.

سەدر دەشڵێت: هەموو کەس دەزانێت ئێمە ئەو قسانە لە ترسەوە ناکەین و هەموو خەڵکیش دەزانێت ئێمە کێین، بەڵام ئێمە خه‌ڵك و وڵات و نیشتمانمان خۆش دەوێت و نایانخەینە مەترسییەوە.

ناوبراو لە توویتەکەیدا ڕوونیشی کردۆتەوە "پێویستە بزانرێ ئێمە پەیوەست نین بە دەسەڵاتەوە، بەڵکوو دەمانەوێت لە ڕێگەی یاساوه‌ گەندەڵی و تیرۆر و داگیرکاری بنبڕ بکەین".

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئێمە لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەباین، یان لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی سه‌ركه‌وتوونه‌باین ئەوا ڕێگه‌ی توندوتیژیمان نەدەگرتەبەر، ئێمە لەسەر ئەوە پەروەردە کراوین و ڕێگەشمان نەدەدا کەسێکی سەر بە ئێمە ئەو کارە بکات".

لە کۆتایی تویتەکەشیدا سەدر جەختی کردۆتەوە کە مەزهەب بە توندوتیژی و هێرشکردنە سەر ئەوانی دیکە ناپارێزرێت، بۆیە لە خودا بترسن و گەندەڵی مەکەن، چوونکە خودا گه‌نده‌ڵكاری خۆش ناوێت.

News Code 4782

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha