دوایەمین دۆخی کوردستانی سووریا پاش هێرشەکانی داعش و تورکیا و هاوپەیمانە سووریەکانی

بەشی تورکیا- هەواڵنێری کورد کە ئێستا لە ناوچە ئاڵۆزەکانی کوردستانی سووریا جێگیرە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لە دواییەمین دۆخی پێکدادان لەو ناوچانەدا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم داشتان هەواڵنێری کوردی دانیشتووی کوردستانی سووریا ئاماژەی دا بە هاوکات بوونی هێرشەکانی داعش و هێزەکانی تورکیا وتی ئەم هاوکات بوونە بە هەڵکەوت نەبووە.

داشتان لەبارەی دۆخی ئێستاکەی ناوچە ئاڵۆزەکانی کوردستانی سووریا وتی: ئەگەر نەڵێین شەڕێکی قورسە، هێرشەکان بۆسەر کوردستانی سووریا هێشتا درێژەی هەیە. دەزانن کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا چەکدارانی داعش بۆ ڕزگار کردنی 5 هەزار زیندانیی خۆیان هێرشێکیان بۆسەر ئەم ناوچەیە دەست پێکرد. ئەوان بە گرژی نانەوە دەیانویست ئەندامانی خۆیان لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەربێنن. بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان بێ ئاکان هێشتەوە. بەم حاڵەیشەوە پێکدادانەکان گەیشتە گەڕەکی خویران و ئێستاش درێژەی هەیە.

داشتان وتیشی هێزەکانی داعش ناوچە جێنیشتەجێبوونەکان وەکوو قەڵغانی مرۆی بەکار دێنن و ڕاشیگەیاند: هەسەدە لە دژی ئەم هێرشانە ئۆپەراسیۆنی بەرگری ئەنجام دەدات بەڵام بەسەختی دەچێتە پێشەوە چوونکە ناوچەکە ناوچەیێکی ناسەربازییە.

ناوبراو لەبارەی دۆخی چەکدارانی داعش لەو ناوچەدا وتی: ژمارەیێکی زۆر لە چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و ئەو زیندانیانەی کە هەوڵی هەڵاتنیان دابوو کوژران. ژمارەیێکی زۆریشیان دەستگیر کران و هەندێکیشیان خۆیان ڕادەست کردەوە.

داشتان وتیشی لەلایێکی دیکەشەوە تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر تەلتەمەر و عەین عیسا چڕ کردۆتەوە. ئەمڕۆ تورکیا هێرشی کردە سەر 4-5 گوندی عەین عیسا و هاوکات بوونی ئەم هێرشانە لەگەڵ هێرشەکانی داعش بە هیچ شێوەیێک بە هەڵکەوت نەبووە.

داشتان ئاماژەی دا بەوەی کە تا ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ کاردانەوەیێکی فەرمیان نەبووە و ڕایگەیاند: فڕۆکە و کۆپتەرەکانی هاوپەیمانان لەو ناوچانەدا دەسووڕنەوە کە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کراوەتە سەر. چەند جارێکیش بۆردوومانیان کرد بەڵام تا ئێستا کاردانەوەیێکی فەرمییان نەبووە.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆزینەوەی چەکی توکیایی لە دەستی چەکدارە کوژراوەکانی داعشەوە وتی: ئەم هەواڵە ڕاستە ئەوەش دەزانن هێزە سووریەکانی سەربە تورکیا بەچەکی قورسی تورکیاوە هێرشیان کردۆتە سەر کوردستانی سووریا، ئەو چەکانەی کە ناتۆ بە تورکیای داون و وێنە و بەڵگەکانیشی لەبەردەستە.

News Code 4811

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha