ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەرهەم ساڵح-ی وەکوو کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناساند
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کۆبوونەوەیێکدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەرهەم ساڵح-ی وەکوو کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناساند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بەست.

 كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێئكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی کورد لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ هەنديک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەش كردووە.

لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختی کردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت.

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.

هەروەها كۆبوونەوەکە جەختی کردەوە لەسەر یەكدەستی یەكێتی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی داهاتوو.