هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: مافی پارێزگاری کردن له‌ خۆمان و هاوپه‌یمانه‌کانمان بەکار دەهێنین
بەشی جیهان- هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، سەرەڕای پشتیوانی لۆجستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هه‌موو هه‌وڵێکیش بۆ پاراستنی هه‌سه‌ده‌ ده‌ده‌ن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یەنراوێکدا باسی لەوەش کردووە، "رێکخراوی تیرۆریستی داعش به‌ شێواز و تاکتیکی ئاڵۆز هێرشی کردوه‌ته‌ سه‌ر گرتووخانه‌ی حه‌سه‌که‌ له‌ سووریا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "هێزه‌کانی سووریای دیموکرات ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ی داعشی داوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ دوو ڕۆژی رابردوودا به‌ شێوازێکی ئاڵۆز هێرشی بۆسه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران ده‌ستپێکردووه‌، ئه‌م هێرشانه‌ی داعش بۆسه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران که‌ ئه‌ندامانی داعشی تێدا زیندانی کراون، هێرشێکه‌ که‌ ته‌نها لاوازی داعش ده‌رده‌خات و هه‌موو هه‌وڵێک بۆ پاراستنی هه‌سه‌ده‌ ده‌ده‌ین."

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا باسی له‌وه‌ش کردووه‌، "مافی پارێزگاری کردن له‌ خۆمان و هاوپه‌یمانه‌کانمان بەکاردەهێنین و هه‌سه‌ده‌ش ئه‌و هێرشانه‌ی داعشی کپ کردوه‌ته‌وه‌، جەختیش دەکەینەوە لەوەی هه‌رهێرشێکی هاوشێوه‌ هێنده‌ی دیکە داعش لاواز ده‌کات".