وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان: هاوکاری هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش پێویستیەکی حەتمییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هاوپەیمانان  ‏لە عێراق کۆ دەبنەوە چەند پرسێکی تایبەت بە رەوشی ئەمنی تاوتوێ دەکەن. ‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی ‏کوردستان لەگەڵ جەنەراڵ دۆسێچ فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی هاوپەیمانان  ‏لە عێراق و کۆلۆنێڵ تاد بۆرۆس بەرپرسی تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازی ‏هاوپەیمانان لە هەولێر کۆبۆوە. ‏

لەو کۆبوونەیەدا بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێم تاوتوێ کراوە و هەردوولا هاوڕابوون ‏لەسەر یەکڕیزی و هاوبەشی هێزەکان لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان ‏لەناوچەکەدا، لەوبارەیەوە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە: لەئێستادا هاوکاری و ‏هەماهەنگی هاوپەیمانان پێویستیەکی حەتمییە و  جێگەی پێزانینی زۆری ئەوانە. ‏

لەلایەن خۆشیانەوە بەرپرسانی هاوپەیمانان لە عێراق رایانگەیاندووە: هەوڵەکان ‏لەبارەی رێکەوتنەکانی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پێکهێنان و کەوتنە ئەرکی ‏لیوا هاوبەشەکان بەردەوامی هەیە و بڕیاریشە لەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی ئەمنی کە ‏ئێستا لەکۆتا کارەکانیدا دەست بەمەشق بکرێت و رۆڵیان پێ بدرێت. ‏

وتوشیانە ئەوان لێرەن و بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان، بۆ ‏ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوشان لەگەڵ سوپای عێراقدا ساز و ئامادە بکەن ‏لەبەرامبەر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی ‏تیرۆریستان.‏