ئێران بە پارتی و یەکێتی گوتووە ئاساییە دوو بەربژێرتان بۆ سەرۆککۆمار هەبێ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، ئێران بە پارتی و یەکێتی راگەیاندووە کە ئاساییە ئەگەر بە دوو بەربژێر بچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 24.1.2022 نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئێران لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە پەیامی خۆی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوە و پێیگوتوون، ئاساییە ئەگەر بە دوو بەربژێر بچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق با ئازادبن لەوەی کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن".

شایانی باسە ماوەیێکە لێدوانەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەدژی یەکتر زیاتر بووەتەوە و دوێنێ ئەنجومەنی  سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند،  پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزان، بۆیە داکۆکی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی "بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، کە هەڤاڵ دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە."

لە وەڵامد مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، راگەیەنراوەکەی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆک کۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بووە، چونکە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پارتی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵە کردنی هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکخستنی ناوماڵی کوردی و دروست کردنی شاندێکی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان، سەردانی هەموو لایەنە کوردستانییەکانی کرد".