تا هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌نه‌ قۆناغی ریفۆڕمی ته‌واوه‌تی، هەرێمی کوردستان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هۆشداری له‌ یه‌کنه‌خستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، تا نه‌گه‌نه‌ قۆناغی یه‌کخستن و ریفۆڕمی ته‌واوه‌تی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ هێشتا کوردستان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، له‌باره‌ی ده‌رچوونی فه‌رمانی خانه‌نشینبوونی رایگه‌یاند، دوای بڕیاری خانه‌نشینبووم هێشتا په‌یوه‌ندیه‌کی فراوانم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منییه‌کان، ئێستاش ئاماده‌م له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یێکی توێژینه‌وه‌ بێت یان دامه‌زراوه‌یێکی یه‌کێتی بێت که‌ پێویستی به‌ شاره‌زایی من هه‌بێت یان له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم یان حکوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌م خزمه‌ت بکه‌م ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌بێ به‌رامبه‌ریش بێت، چوونکه‌ من له‌ ساڵی 2006ه‌وه‌ له‌ هه‌موو شانده‌کانی گفتوگۆ بووم له‌گه‌ڵ عێراق و جگه‌ له‌وه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ باڵاکان بووم بۆ هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق.

جه‌بار یاوه‌ر پێشنیارێکی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرد و وتی: "ئومێد ده‌که‌م سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و داموده‌زگای دیکه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌رکه‌سێک که‌ پێویستیان به‌ ئێمه‌یه‌ ده‌توانین تواناکانمان به‌کاربهێنین، له‌ هه‌موو دونیادا وایه‌ خه‌ڵک که‌ خانه‌نشین ده‌بن وازی لێناهێنن به‌کاریده‌هێنن، وه‌زیری ئێستای به‌رگریی ئه‌مریکا پێشتر خانه‌نشین بووه‌، هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری گه‌وره‌ی توێژینه‌وه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌ له‌ ئه‌مریکا زۆربه‌ی خانه‌نشینه‌کان ده‌هێنه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ کوردستان نییه‌، من ئه‌م پێشنیاره‌ پێشکه‌شی حکوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌که‌م که‌ دامه‌زراوه‌یێکی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی سه‌ربازی هه‌بێت یان سه‌ر به‌ حکوومه‌ت یان سه‌ر به‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بێت، ئه‌وانه‌ی وه‌کوو ئێمه‌ وان به‌ سه‌دان که‌س هه‌یه‌ له‌ کوردستاندا ده‌توانن بمانهێننه‌وه‌ و له‌و دامه‌زراوانه‌ کاربکه‌ین".

له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، جه‌بار یاوه‌ر وتی: "ده‌توانم بڵێم ئێستا له‌ قۆناغی کۆتیاییداین، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ بۆ ساڵی 2006ه‌وه‌، ئه‌وکات فه‌رمانێک له‌لایه‌ن سه‌رۆک ماجه‌لال و سه‌رۆک بارزانی که‌ ئه‌وکات سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بوو ده‌رچو، که‌ لیژنه‌یه‌کی باڵای هاوبه‌ش دروستبکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبکرێت به‌ یه‌کخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌، هێزه‌کانی فه‌له‌ک که‌ پارتی بوو و هێزه‌کانی فه‌رمانده‌یی که‌ یه‌کێتی بوو، له‌ یه‌کێتی من بووم و له‌گه‌ڵ فه‌ریق شێروان که‌ ئێستا له‌ داموده‌زگای هێزه‌کانی 80یه‌، که‌ ساڵانێک وه‌کوو برا پێکه‌وه‌ کارمان کرد، تا گه‌یشته‌ ساڵی 2010 توانیمان وه‌زاره‌تی یه‌ک بخه‌ین و یاساکانمان هه‌موارکرده‌وه‌ که‌ چوار یاسان و رێنماییه‌کانمان هه‌موارکرده‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ دو وه‌زاره‌ت کردمانه‌ یه‌ک وه‌زاره‌ت، ئینجا له‌ناو وه‌زاره‌تدا ده‌ستمان کرد به‌ پڕۆسه‌ی یه‌کخستن".