هادی عامری بۆ بافڵ تاڵه‌بانی: کۆتایی بە ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان بهێندرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند، له‌کۆبوونه‌وه‌ی نێوان هادی عامری و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانیدا جه‌خت له‌سه‌ر کۆتایی هێمان بە ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی فه‌تح بڵاویکرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هادی عامری له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ به‌غدا، پێشوازیی له‌ شاندێکی باڵای یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به ‌سه‌رۆکایه‌تی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی کرد و له‌ دیدارێکدا گفتوگۆیان کرد له‌باره‌ی رێگاکانی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسی و پێویستی به‌رده‌وام بوونی دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتنه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌نجامی واقیعی و ده‌ستووری که‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌.

هادی عامری رایگه‌یاندووه‌، "گرنگه‌ چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ناکۆکی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌رده‌وامبوون و ئاڵۆزیی ناکۆکییه‌کان له‌ هه‌موو عێراق هاوشێوه‌ی جیاوازی نێوان پێکهاته‌کانی ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌".

له‌لای خۆشیه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی جه‌ختی کردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی یه‌کخستنی دیدی سیاسی و درێژه‌دان به‌ دیالۆگ، بۆ گه‌یشتن به‌و تێگه‌یشتنانه‌ی که‌ خواسته‌کانی گه‌لی عێراق به‌دیده‌هێنن.