شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێم سەردانی حیزبە سیاسییەکانیش دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمان، سەردانی حیزبە سیاسییەکان بکات.

کوردپرێس: ئەمڕۆ دووشەممە 28-12-2020، شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت گەیشتە پەرلەمانی کوردستان و بڕیارە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕوون بکاتەوە.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەی شاندی حکوومەت بە بەشداری لیژنەکانی دارایی، وزە و یاسایی دەبێت بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی گفتوگۆکانیان و ئەو خاڵانەی کە جێی رێککەوتن بووە و لەگەڵ ئەو خاڵانەی جێی رێکنەکەوتن بووە، هۆکارەکانی ئەوەی بۆ تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەێمی کوردستان بدات، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە بدەنەوە، قسەیێکی زۆر دەکرێت لەسەر ئەوەی ئەگەر هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی رادەست بکات، لە بەرامبەردا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێتەوە یان نا؟"

بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوان دەیانەوێت لەو دانیشتنە دوایین سەردانی شاندی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا بۆ ماوەی دوو هەفتە ماونەتەوە، لەگەڵ تەواوی کوتلە سیاسییەکان دانیشتوون، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری نەوت و بەرپرسانی لایەنی تەکنیکی عێراقی لە دانانی بودجە و گفتوگۆ کردن لەسەر جێبەجێ کردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی "وردەکارییەکانی ئەو دوو هەفتەیە بزانین کە ئیزافەیەک لەسەر ئەو راپۆرتە کراوە، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی تەواو لای پەرلەمانی کوردستان هەبێت بۆ هەردوو ئەگەرەکە، ئەگەر رێککەوتن... ئایا ئەگەر رێکیش کەوتین تەنانەت یاساکەش جێبەجێ بکرێت و یاسای 2021 لە پەرلەمانی عێراقیش تێپەڕێندرێت، ئایا عێراق توانای دارایی هەیە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، یان ئەگەر تواناکەی هەبێت و بەڵام بڕیارێکی سیاسی هەبێت و نەیەوێت جێبەجێی بکات؟".

لەبارەی سەردانی شاندی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هێمن هەوارمی دەڵێت: "هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام هەر کاتێک پێویست بێت ئەو شاندە دەڕوات، لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەش ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر کراوە. شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتیوانی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان هەیە. ئەوەندەی من ئاگاداربم دوای دانیشتنیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، شاندی دانوستاندنکار سەردانی حیزبە سیاسییەکان دەکات و لەگەڵیشیا ن کۆ دەبێتەوە".

لەبارەی ئەو شاندەی پەرلەمانی کوردستانیش کە بڕیاربوو سەردانی بەغدا بکات، هێمن هەورامی گوتی: "بڕیارمان دابوو کە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ دەربڕینی پشتیوانی سیاسی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی زۆر زیاتریان بەخشییە لایەنی عێراقی بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هیچ بیانووێک نەماوەتەوە، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆی ئەو بابەتە دەکەین، ئەگەر پێویست بکات شاندی پەرلەمانی کوردستان لە هەفتەکانی ئاییندە بەڕێوەدچێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 498

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha