لەچاو سەردەمی ترەمپ، سیاسەتەکانی بایدن لەبارەی کوردستانی سووریا شەفافترن

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: سیاسەتەکانی بایدن لەبارەی کوردستانی سووریا تا ئاستێک شەفافترە. ئیدارەی بایدن هەمیشە جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەمنییەت و ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڵویستەکانی ئەمریکا پاش ڕووداوی گرتووخانەی حەسەکە و هەروەها تێڕوانینی ئەمریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر و وتی: ڕووداوەکانی گرتووخانەی حەسەکە پیلاگێڕیێکی گەورەی جیهانی و ناوچەیی بوو کە بەرنامەداڕشتنەکەی لە شەش مانگ پێش ئێستاوەوە دەستی پێکرد و نزیک لە 200 ئەندامی خۆکوژی داعش بۆ هێرش کردنە سەر زیندانی حەسەکە بەشدار بوون.

ناوبراو وتیشی: ئەو تیرۆریستانە لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیا و لە عێراقەوە هاتوونەتە حەسەکە و ئەمەش نیشان دەدات تورکیا دەستی تێدا بووە و ناوچەکانی سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین و ئیدلیب بووەتە کۆگای تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و نوسرە و هتد.

ناوبراو وتیشی: بەرپرسانی ئەمریکی بەتایبەت سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە وتەکانیدا دیار بوو دەزانن کە مەترسی تیرۆریستەکان نەک هەر لەسەر ناوچەکە و بەڵکوو لەسەر هەموو جیهانە.

هۆشەنگ دەروێش جەختی کردەوە: بایدن باش دەزانێت کە هەسەدە بەشێکە لە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و ڕووبەڕووی پیلانگێڕیێکی گەورە وەستاوە.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان وتیشی: ئێمە ناتوانین ئەمەش بڵێین کە وتەکانی بایدن نیشاندەری گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لەبارەی کوردستانی سووریا. هەسەدە بەشێکن لە هاوپەیمانان و بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام جەخت لە پشتگیری کردن لەم هێزانە دەکەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: سیاسەتەکانی بایدن هەمبەر کوردستانی سووریا تا ئاستێک شەفافترە. ئیدارەی بایدن هەمیشە جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەمنییەت و ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هۆشەنگ دەروێش وتی: ئەمریکییەکان لە هەندێک بواری دیکەدا لەوان ئابووری و خزمەتگوزاری و ڕاهێنان لە باکووری سووریا بەڵێنیان داوە کە هاوکاری بکەن و ئەمانەش هەنگاوی باشن.

ناوبراو درێژەی دا: سەرکەوتنی هێزەکانی سووریا دیموکرات لەسەرکەوتن بەسەر هێرشبەرانی سەر گرتووخانەی حەسەکە، سەرکەوتنێک بوو بۆ هەموو خەڵکی باکوو و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ناوبراو وتیشی: تیرۆریستان دەیانویست بە کونترۆڵ کردنی شاری حەسەکە دەسەڵاتی داعش بگەڕێننەوە بەڵام ڕووبەڕووی شکست بوونەوە. ئەمەش پەیامێکە بۆ وڵاتانی زلهێز کە دەبێت خێرا بن لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا.

هۆشەنگ دەروێش زیاتر وتی: نزیکە 12 هەزار زیندانی داعش وەکوو بۆمبێکن لە ناوچەکە کە ئامادەی تەقینەوەیە و تەقینەوەی ئەم بۆمبەش دەتوانێت هەموو جیهان بهەژێنێت.

News Code 5000

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha