تاوانباری سەرەکی کۆمەڵکوژیی ڕوبۆسکی حکوومەتی تورکیایە

بەشی تورکیا- سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا دەڵێت: ڕووداوی ڕوبۆسکی نە لەبیر دەکرێت نە مۆڵەتی ئەوە دەدەین کە لەبر بکرێت.

«مەسعوود تەک» سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) ئاماژەی دا بە نۆهەمین ساڵۆگەڕی ڕوودانی "ڕوبۆسکی" کە کوژرانی 34 هاووڵاتیی کوردی لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لێکەوتەوە و وتی: ئەم کۆمەڵکوژییە ئێستاش درێژەی هەیە چوونکە ئەنجامدەرەکانی دادگایی نەکراون.

ناوبراو وتیشی: هەر وەکوو پێشتر حکوومەتی تورکیا سەرپۆشی خستۆتە سەر ئەو کۆمەڵکوژییە و کەسێک لەسەر ئەو ڕووداوە دادگایی نەکراوە.

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا ڕاشیگەیاند: تاوانباری ئەم کۆمەڵکوژییە حکوومەتی تورکیا و بەرپرسانی پارتی داد و گەشە-ن کە نایانەوێت بکوژەکان بناسێندرێن.

مەسعوود تەک جەختی کردەوە: حکوومەتی تورکیا نەک هەر ئەو ئەفسەرانەی کە لە ڕووداوەکەدا دەستیان هەبوو دادگایی نەکرد بەڵکوو خانەوادەی قوربانیانی ئەو ڕووداوەی هێنایە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەوان کرد.

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) وەبیری هێنایەوە: حکوومەتی تورکیا بەهەموو توانایەوە کۆمەڵکوژیی ڕوبۆسکی لە یادەکان دەربکات. حکوومەتی تورکیا هێشتا دانی بەو کۆمەڵکوژیەدا نەناوە و بە ڕادەست نەکردنی ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە نایەوێت دانی پێدا بنێت.

مەسعوود تەک جەختی کردەوە لە ساڵۆگەڕی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا دا جارێکی دیکە ئەم هەڵمەتەی حکوومەتی تورکیا ئیدانە دەکەین و وێڕای سەرەخۆشیی لە خانەوادەی قوربانیان هەوڵ بۆ پێوشوێنگیریی داواکارییەکانیان دەدەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 507

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha