توركیا هەناردە كردنی كارەبای بۆ عێراق دەستیپێكرد
بەشی تورکیا- لەڕێی هێڵی سلۆپی- زاخۆوە، لەمڕۆوە توركیا دەستیكرد بە هەناردەكردنی كارەبا بۆ عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەهات كە دەستەی ڕێكخستنی بازاڕی وزە لە توركیا مۆڵەتی بەخشیە كۆمپانیای ئەكسا ئەكسن بۆ بازرگانی وزە، تا 150 مێگاوات كارەبا بۆ عێراق هەناردە بكات.

بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ لایەنی عێراقیدا واژۆكراوە، لە 28ی كانوونی یەكەمی 2020، كارەبا دەدرێت بە عێراق تا 1ی تشرینی دووەمی 2021.

توركیا لەئێستادا كارەبا بۆ 3 وڵات هەناردە دەكات كە لە گورجستان و یۆنان و بولگاریا پێكدێن، لەو بارەیەشەوە مستەفا یەڵماز سەرۆكی دەستەی ڕێكخستنی بازاڕی وزە لە توركیا ڕایگەیاندووە ئەو بازهەڵدانانەی توركیا بەدیهێناوە لە كەرتی وزەدا لەم چەند ساڵەی دوایی، مایەی شانازیین.

بە وتەی یەڵماز توركیا ئێستا لە ئاستێكدایە كە دەتوانێت پێداویستی كارەبای دراوسێكانی دابین بكات، وێڕای دابین كردنی پێداویستی بازاڕی ناوخۆ.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113