مەسعوود بارزانی: هەرێمی کوردستان پاش بڕینی بەشە بوودجە لەلایەن بەغداوە ناچار بوو نەوت هەناردە بکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعود بارزانی لە کتێبی بۆ مێژوو  کە ساڵی 2020 چاپ کراوە، دەڵێت: چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم نایاسایی نین و هەرێم پاش بڕینی بەشە بوودجە لەلایەن بەغداوە ناچار بوو نەوت هەناردە بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لاپەڕەکانی 51 و 52ی کتێبی "بۆ مێژوو"دا، سەبارەت بە بابەتی نەوت و گاز نووسیویەتی "هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی پێچەوانەی دەستوور نەناوە. لە شوباتی 2007دا هەموو ئامادەکارییەکان بۆ یاسای نەوت و گاز تەواو بوو، بەڵام حکوومەتی عێراقی دەستی کرد بە کاتکوشتن و بیانووهێنانەوە".

بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە زاڵمای خەلیلزاد (باڵوێزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق)یش ئامادەی بوو، وەزیرێکی دەستڕۆیشتووی شیعە باسی ئەوەی کردبوو کە پێویستە حکوومەتی عێراقی خەمساردی لەو بابەتەدا بکات و کات بکوژێت، کوردەکان ئەو توانایەیان نابێ خۆیان نەوت دەربهێنن.

مەسعوود بارزانی لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێت: "ئەمە نیەتی حوکمڕانەکانیی بەغدای ڕوونتر کرد کە بڕوایان بە دەستوور و شەراکەت نییە. هەرێمی کوردستان خۆی نەوتی دۆزییەوە و دەریهێنا، بەڵام کاتێک هەرێم ناچار بوو نەوت هەناردەی دەرەوەی بکات، کە حکوومەتی عێراق لە مانگی شوباتی 2014ـدا بودجەی هەرێمی بڕی".