ڕووداوەکانی ئۆکراینا لە کوردستانی سووریا دووپات نابێتەوە/سیستەمی فیدراڵیمان بۆ سووریا دەوێت
بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت لە بارودۆخی ئێستادا بەدوای سەربەخۆییدا نین بەڵکوو بابەتی فیدراڵیزم و دیاری کردنی مافی گەلی کورد لە یاسای بنەڕەتیی سووریا بۆ ئێمە گرینگە.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئۆکراینا و ئەگەری دووپات بوونەوەیان لە کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: دووپات بوونەوەی ڕووداوەکانی ئۆکراینا لە سووریا دوورە لە چاوەڕوانی. ئەو پشتگیرییە سیاسی و سەربازییە کە ڕووسیا بۆ سەربەخۆیی دوو ناوچەی دۆنێتسک و لوهانسک ئەنجامی دا جیاوازە لەگەڵ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی سووریا.

ناوبراو درێژەی دا داگیر کرانی عەفرین و گرێ سپ و سەرێ کانی لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ پشتگیری کردن لە کورد نەبوو، هاوشێوەی ئەوەی کە ڕووسیا لە ئۆکراینا ئەنجامی داوە، بەڵکوو ئامانجی تورکیا پاوانخوازیە. تورکیا بە بیانووی شەڕی پەکەکە و تیرۆر پێی ناوەتە کوردستانی سووریا.

هەڤاڵ عیسا لەبارەی ئیدیعای حکوومەتی تورکیا کە دەڵێت بۆ پشتگیری کردن لە کورد و گەلی سووریا هاتۆتە خاکی ئەم وڵاتە، وتی: تورکیا بەبۆنەی بەرژەوەندیی کوردانی سووریا نەهاتۆتە ناو خاکی سووریا. ئەگەر سیاسەتوانانی تورکیا ڕاستگۆن کە بەبۆنەی کوردانی سووریاوە هاتوون، لە ئێستادا نزیک لە ۲۰ ملیۆن کورد لە کوردستانی تورکیا دەژین، مافی ئەوان بپارێزێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە ئەگەر تورکیا بیەوێت بەبیانوویێکەوە پاش ڕووداوەکانی ئۆکراینا بێتە کوردستانی سووریا، ئەم هاتنە بۆ پشتگیری لە بەرژەوەندی و سەربەخۆیی و ئاتۆنۆمیی کورد نییە، بەڵکوو ئامانجی ئەنقەرە بەربڵاو کردنی قەڵەمڕەوەکەیەتی.

ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی ئەمەی کە ئایا ئەمریکا و ڕووسیا بەرگری لەمافی کوردانی سووریا دەکەن بۆ گەیشتن زە سەربەخۆیی، هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆکراینا ڕوویدا وتی، دۆخەکە و هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم دوو ناوچەیە جیاوازن لە یەکتر و ئەم پریە لە دەسەڵاتی کوردی سووریادا نییە.

هەڤاڵ عیسا، لەبارەی ئەوەی کە ئایا زلهێزەکان لە چەشنێک لە ئۆتۆنۆمی لە کوردستانی سووریا پاڵپشتی دەکەن وتی ئەم بابەتە زۆر ئەستەمە، ئێمە نموونەی هەرێمی کوردستانمان بینیوە کە هەم لە دەستووری عێراقدا بە فەرمی ناسێندراوە و هەم دەسەڵاتی ئابووریی هەیە بەڵام هیچ وڵاتێک پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق نەکرد کە ۹٨ لەسەدی کوردەکان بە "بەڵێ" دەنگیان پێدابوو.

هەڤاڵ عیسا ڕاشیگەیاند لە دۆخی ئێستادا ئێمە بەدوای سەربەخۆیی نین بەڵکوو پرسی ئێمە فیداڵیزم و لەبەرچاو گرتنی مافی کوردەکانە لە دەستووری نوێی سووریا.