شەڕی ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر سووریا دەبێت/ پەیەدە گلاوە بە گەندەڵیەوە

بەشی سووریا- سیاسەتوانێکی کوردی سووریا دەڵێت: ئەگەر شەڕی ئۆکراین پەرەبسێنێت ڕەنگە ڕووسیا لە بەرەی سووریا کەم کار ببێتەوە و هێزەکانی خۆی زیاتر بەرەو بەرەی ئۆکراینا ببات و ئەمەش زەمینە بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە فەراهەم دەکات تاکوو بەدوای ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆیان لە سووریا بچن.

وەلید حاجی عەبدولقادر سیاسەتوان و نووسەری کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە ڕووداوەکانی ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەس ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوان سووریا و ڕایگەیاند: پرسی ئۆکراینا ڕووسیت پرسێکی کۆنە و پێویستە بۆ اێکدانەوەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، چاوێک بە لاپەڕەکانی مێژوودا بخشێنین. ئەو ڕووداوانەی کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی تیزارەکان و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕوویداوە و ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و عوسمانی لەسەر هەندێک بابەت وەکوو دەریای ڕەش و گەیشتن بە دەریای ناوین تاکوو ئەمڕۆ درێژەی هەیە. پێکهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و هەڵوەشاندنەوەی عوسمانی و پاش ئەوەش سەربەخۆیی وڵاتانی جیا کراو لە سۆڤیەت و پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات هەموو ئەمانە بەستێنی بۆ ڕووداوەکانی ئەمڕۆ فەراهەم کردووە.

ناوبراو درێژەی دا: ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ئۆکراینا زۆر بەربڵاوترن لە جۆگرافیای ئەو وڵاتە و هەموو جیهان دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە بەشێکی پێوەندیی بە سووریاوە هەیە. پاش ساڵی 2012 لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر دابەش کردنی ناوچەکان و شوێنەکانی جووڵانەوەی هەردوو لایەنەکە لە سووریا و ناوچەکە گفتوگۆ کرا ئەم ترسەیش هەیە پاش ڕووداوەکانی ئۆکراینا ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر ناوچە جیهانییەکان بکرێت.

ناوبراو زیاتر وتی: ڕووسیا دەستی بۆ قومارێکی گەورە بردووە لەم هێرشەدا بۆسەر خاکی ئۆکراینا نەک هەر ڕووبەڕووی دژاریەتیی ئەمریکا بەڵکوو ڕووبەڕووی دژایەتیی ئەورووپا و زۆرینەی وڵاتانی دیکەی بووەتەوە. ئەگەر بڕیار لەسەر پشتگیری کردن لە سەربەخۆیی ناوچە ئەتنیکییەکان بێت کەوایە ڕووسیا ناتوانێت دوو ڕای جیاوازی بۆ ناوچەکانی دیکە بێت لەوان بۆ کوردەکان لە سووریا؛ کەوابوو ڕووسیا بۆچی ئاوڕ لەم ناوچانە ناداتەوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا وتیشی: ئەگەری شکست هێنانی ڕووسیا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی مەدەنی لەو وڵاتە هەیە و ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕووسیا تووشی تەنگەژەی زیاتر ببێتەوە.

حاجی عەبدولقادر وتیشی: ئەگەر شەڕ پەرەبسێنێت ڕەنگە ئامادەبوونی ڕووسیا لە بەرەی سووریا کەم ڕەنگتر ببێتەوە و هێزەکانی خۆی زیاتر بەرەو بەرەی ئۆکراینا ببات و ئەمەش ڕەنگە ئاقار بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە فەراهەم بکات تاکوو شوێنی ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆیان لە سووریا بکەون.

ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی ڕووداوەکانی مانگی ڕابردوو لە حەسەکە و زیندانی سناعە وتی: لە ڕۆژی یەکەمەوە کە پەیەدە لە کوردستانی سووریا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، خەڵکی کوردی سووریا ڕۆژی باشیان بەچاو نەدیوە و ئەم حزبە لە هەموو پرسێکدا دەستوەردان دەکات. ئەم ڕەوتە و ڕەوتەکانی دیکە کە بەشەکانی دیکەی خاکی سووریاشی کونترۆڵ کردووە و خەڵک بەرەو لایێک دەبەن کە ئاواتەخوازی گەڕانەوەی سیستەمی بەعسن.

ناوبراو درێژەی دا: ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە کوردستانی سووریا و ئەو خزمەتگوزاریانەی کراوە تەنها لەلایەن بەڕێوەبەریی خۆسەروە نەبووە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان لەم خزمەتگوزارییانەدا بەشدار بوون و بەرخۆدانی کۆبانی نموونەی ئەم بەشدارییەیە.

ناوبراو زیلاتر وتی: سیاسەتەکانی پەیەدە بووە هۆی داگیر کردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی. پەیەدە هەڵەی زۆری کردووە و گەندەڵی لەم ناوچەیەدا ڕیشەی کوتاوە و کادێرەکان و فەرماندەکانی ئەم حزبە دوای ئەوەی دەستیان بە پارە دەگات دەچنە تورکیا و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەکەن. لەبارەی گرتووخانەی حەسەکە-یش ئەم پرسە ڕاستە و پەیەدە بەرپرسە لە هەڵاتنی زیندانیانی داعش لە گرتووخانە. ئەوان لەبارەی ژمارەی کوژراوان و برینداران و هەڵاتووانی ئەم ڕووداوە ڕاستیەکەی ناڵێن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: گەندەڵی و لاوازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەمبەر داعش و ئەو دۆلارانەی داعش خەرجی دەکات بووەتە هۆی ئەوەی ڕووداوەکانی هاوشێوەی حەسەکە ڕووبداتەوە و هەسەدە ناتوانێت ئەرکی خۆی بە دروستی جێبەجێ بکات. ئەو پارایە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەدرێتە ئەم حزبە ناکرێتە خەرجی ناوچەکە بەڵکوو ڕەوانەی پەکەکە دەکرێت.

News Code 5260

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha