تورکيا گه‌رووه‌کانی بوسفۆر و ده‌رده‌نیل به‌ڕووی که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانی ڕووسیادا داده‌خات
بەشی تورکیا- حکوومه‌تی تورکیا رایگه‌یاند، به‌فه‌رمی وڵاتانی که‌نار ده‌ریای ره‌شیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌، که‌ بڕیاریانداوه‌ هاتووچۆی که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانی ڕووسیا له‌ گه‌رووه‌کانی بوسفۆر و ده‌رده‌نیل قه‌ده‌غه‌ کردووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "ئه‌نقه‌ره‌ سووره‌ له‌سه‌ر به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌گوێره‌ی رێککه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ، ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ جووڵه‌ی که‌شتییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌ ئاوییه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک، که‌ رێگری له‌ گرژتربوونی قه‌یرانی ئۆکرانیا بکات".

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ دیپلۆماسییه‌ فره‌ ره‌هه‌نده‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا" و دووپاتیکرده‌وه‌، "کرده‌ سه‌ربازییه‌که‌ی ڕووسیا له‌ دژی ئۆکرانیا جێگه‌ی قبووڵکردن نییه‌".

سه‌رۆک کۆماری تورکیا جه‌ختی کرده‌وه‌، "ئه‌نقه‌ره‌ سازش له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌کانی ناکات و هاوسه‌نگی هه‌رێمی و جیهانیش له‌به‌رچاو ده‌گرێت".

ئه‌ردۆغان روونیکرده‌وه‌: "تا ئه‌مڕۆ تورکیا به‌رپرسیارێتی خۆی له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌کانیدا به‌شێوه‌یه‌کی پیشه‌ییانه‌ جێبه‌جێ کردووه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانی ناتۆ و یه‌کێتی ئه‌ورووپا".

سه‌رۆکی تورکیا جارێکی دیکه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌، "هیچ گومانێکی تێدا نییه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌توانین قه‌یرانی ئێستای باکووری ده‌ریای ره‌ش تێپه‌ڕێنین، وه‌ک چۆن له‌ رابردووشدا کردوومانه‌".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمه‌ زۆر خه‌مبارین به‌و دۆخه‌ی له‌ ئۆکرانیا له‌ ئارادایه‌ و پێشنیازمانکردووه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر له‌ نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بگێڕین"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ده‌ستبه‌رداری هیچ کامێک له‌ ڕووسیا و ئۆکرانیا نابین و به‌ دووفاقی پێوه‌ره‌کانیش رازی نابین".

هەروەها مه‌ولوود چاویشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا لەمبارەوە گوتی: "تورکیا رێگه‌ به‌ هیچ که‌شتییه‌کی جه‌نگی نادات له‌و دوو ده‌روازه‌ ئاوییه‌‌ تێپه‌ڕن"، ته‌واوی وڵاتانی که‌نار ده‌ریای ره‌ش و وڵاتانی دیکه‌شیان له‌و بڕیاره‌ ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی خۆمان به‌ په‌یماننامه‌ی مۆنترۆ ده‌که‌ینه‌وه، که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ره‌وتی ده‌ریاوانییه‌وه‌ ‌و له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌مان به‌رده‌وام ده‌بین".

رێککه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ له‌ ساڵی 1936 ده‌سه‌ڵاتی به‌ تورکیا داوه‌ رێگری له‌ که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کان بکات له‌وه‌ی گه‌رووی بۆسفۆر و ده‌رده‌نیل له‌کاتی جه‌نگدا به‌کاربهێنن، هه‌روه‌ک رێککه‌وتننامه‌که‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، ته‌نها رێگه‌ به‌و که‌شتیانه‌ ده‌درێت، که‌ له‌ناو ده‌ریای ره‌ش به‌ره‌و به‌نده‌رکانیان له‌ رێگه‌ن.

پێشتر ئۆکرانیا داوای له‌ تورکیا کردبوو، به‌نده‌کانی رێککه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ جێبه‌جێ بکات و له‌ ده‌روازه‌ ئاوییه‌کان رێگه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانی ڕووسیا نه‌دات که‌ به‌ره‌و ئۆکرانیا ده‌چن.