نێچیرڤان بارزانی و شاندێكى سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى گفتوگۆ لەبارەی شەڕی داعش دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازیی له‌ جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و ‏بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عێراق كرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ‏هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش تاوتوێ كران و جه‌خت له‌ گرنگیى هاریكارى و ‏هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ى ‏بۆشاییى ئه‌منى تێدایه‌.‏

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوایین هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ‏چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایان بۆ پرۆسه‌كه‌ و بۆ ‏پێشكه‌شكردنى مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ پێویست زانى. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ‏شانده‌كه‌ سوپاسى ڕۆڵى  نێچیرڤان بارزانییان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دا كرد.‏

شانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش بۆ ‏ئه‌مه‌ریكا كارى له‌پێشینه‌یه‌ و له‌مپێناوه‌شدا له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ‏هاوبه‌شه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ‏خۆشحاڵیى خۆیشیان به‌ هاوكاریى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ده‌ربڕى.‏

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌ سووریا و ‏دۆخى كه‌مپى ئه‌لهۆل له‌ سووریا، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا و ‏چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.