دژ‌ی دەستدرێژیی ڕووسیاین بۆسەر خاکی ئۆکراینا

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: ڕووسیا لەبارەی جیاکردنەوەی هەندێک ناوچە لەوان عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، ئەعزاز، ترابلۆس و ئیدلیب لەلایەن تورکیاوە بێدەنگە و ئەردۆغانیش بەبۆنەی بەرژەوەندیی خۆیەوە چاوپۆشی کردووە لە هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: دەستدرێژیی ڕووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراینا هەڵمەتێکی ناڕەوایە و مۆسکۆ دەیهەوێت ئیرادەی خەڵکی ئۆکراینا تێکبشکێنێت.

ناوبراو درێژەی دا: ئۆکراین هەمبەر هێرشەکانی ڕووسیا بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجام داوە و ڕووسەکان باوەڕیان نەدەکرد ڕووبەڕووی ئەم بەرخۆدانە ببنەوە.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا ئاشکراشی کرد: دونیا بێدەنگە لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارەدا لە حاڵێکدا ئازادیخوازەکان نابێت بێدەنگ بن و دەبێت پشتگیری لە خەڵکی ئۆکراینا بکەن. ناوبراو وتیشی کوردەکان و ئۆکراینا بەردەوام لەلایەن دراوسێکانیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

کۆفان کەنعۆ دەڵێت: پووتین درێژە بە سیاسەتەکەی ئەردۆغان دەدات لە داگیرکاریدا و هەردوویان یەک سیاسەتیان هەیە. پووتین دەیهەوێت ئیمپراتۆریەتی قەیسەری ڕووس بگەڕێنێتەوە و ئەردۆغانیش بەدوای زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدایە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە ئەم هەڵمەتگەلە هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتیی جیهانی دەکەن بەڵام کەسانێک وەکوو ئەردۆغان و پووتین ئاوڕ لەم پرسانە نادەنەوە و تەنها هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەدەن.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا وتیشی: پووتین لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستانی سووریا بێدەنگ بوو و ئەردۆغانیش لەبەرامبەر دەستدرێژیی پووتین بۆسەر ئۆکراینا جگە لە وتەدان کارێکی دیکەی نەکردووە. ڕووسیا لەبارەی جیاکردنەوەی هەندێک ناوچە لەوان عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، ئەعزاز، ترابلۆس و ئیدلیب لەلایەن تورکیاوە بێدەنگە و ئەردۆغانیش بەبۆنەی بەرژەوەندیی خۆیەوە چاوپۆشی کردووە لە هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا.

کەنعۆ وەبیری هێنایەوە: کورد ئیدیعای جیابوونەوە لە سووریای نەکردووە بەڵکوو مافی خۆیان دەوێت کە بکەوێتە چوارچێوەی دەستووری وڵاتەکەیانەوە بەڵام تورکیا و ڕووسیا بەگوێرەی بەرژەوەندخوازیی خۆیان لەبەرامبەر یەکتردا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

News Code 5349

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha