هیچ ئامادەکارییەکمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکوو ئێستا هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارام برادۆستی، بەرپرسی فەرمانگەی هەولێری  کۆمسیۆن، بە باسنیووزی راگەیاند: دوو ئەندامی کۆمسیاران شوێنیان بەتاڵە دەبێ ئەو دوو شوێنە پڕ بکرێنەوە و لەلایەن پارتییەوە دیاری دەکرێن لەبەر ئەوەی پشکی پارتییە، دواتر لەگەڵ حەوت ئەندامەکەی ئێستا کە سەرجەمیان دەبێتە نۆ ئەندام، لە پەرلەمان تەمەنی یاساییان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

ئارام برادۆستی هەروەها رایگەیاند: تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە، چوونکە ئامادەکاری پێویستی بە بڕیاردانە و کۆمسیۆنیش لەبەر ئەوەی تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، ناتوانێ بڕیار بدات.

ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بەسەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان دابەش بوون، بەشێوەیە:

پارتی سێ ئەندام، یەکێتی دوو ئەندام، گۆڕان دوو ئەندام، و یەكگرتووی ئیسلامی یەک ئەندام و كۆمەڵی دادگەریش یەک ئەندام، هاوکات کۆمسیۆن 12 بەڕێوبەری گشتی هەیە، چواریان پارتین، سێ یەكێتی، سێ گۆڕان، یەک یەكگرتوو و یەک كۆمەڵ.

هاوکات سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بەردەوامن لە کۆبوونەوەکان بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی هاوبەش، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

هەروەها خەدیجە عومەر، ئەندامی لێژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان راگەیاند: لێژنەکەیان هیچ ئامادەکاری و کۆبوونەوەیەکی لەبارەی کاراکردنەوەی یاسای کۆمسیۆن، نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئەو پرسە دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێک بکەون و بۆچوونە جیاوازەکانیان یەکبخەن.

خەدیجە عومەر روونیشی، ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی لەکۆبوونەوە و جوڵە سیاسییەکان چ لە ناو پەرلەمان و چ لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوامن. چاوەڕوان دەکرێت لەچەند رۆژی داهاتوو ئەو پرسەش یەکلا ببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لایەنە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی کۆمسیۆن بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە. بەڵام دەبێت سەرەتا شوێنی ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران پڕ بکڕێتەوە.

پێشتر مونا قەهوه‌چی، سکرتێری پەرلەمان، راگەیاندبوو: کۆمسیۆن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لەوە ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر تاوەکوو رۆژی 1-4-2022 کۆمسیۆن کارا نەکرێتەوە،  ئەوان ناتوانن هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە ببەن.

بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ دەرکردنی هەر یاسایەک، پێویستی بە 21 رۆژە. هاوکات ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانی و سیاسیان هەیە و هەستیارن، پێویستی بەرێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە  کاتێکی زیاتریان پێویستە.