میدیا ڕۆژئاواییەکان چۆن باسی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەن

بەشی جیهان- زۆرینەی میدیا ئینگلیزی زمانەکان باس لە بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بە 12 مووشەکە دەکەن و لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەیگوازنەوە کە هێرشەکە خەساری گیانیی نەبووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیا فەرمییەکانی ڕۆژئاوا لەوان سی ئین ئین و ڕۆیتێرز و ئەسۆوشیەیتید پرێس لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان وتوویانە: لانیکەم 12 مووشەک ئاراستەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کراون.

ئەسۆوشیەیتید پرێس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە دەڵێت کە هێشتا دیار نییە کە ژمارەی مووشەکەکان چەند بووە و ئایا ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە کونسوڵخانەی ئەمریکا بووە یان نا. بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی ئەمریکی بە سی ئین ئین-یان وتووە هێرشەکە خەساری گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەسۆوشیەیتید پرێس هەروەها ئیدیعا دەکات نە بەرپرسانی عێراقی و نە بەرپرسانی ئەمریکی بۆیان نییە لەمبارەوە هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییان ببێت.

ژمارەیێک لە میدیا ڕۆژئاواییەکان دەڵێن هێشتا هیچ گرووپ یان ڕێکخراوێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی نەگرتۆتە ئەستۆ بەڵام ئەسۆوشیەیتید پرێس و سی ئین ئین وتەی بەرپرسانی ئەمریکییان لەبارەی سەرچاوە هێرشەکان بڵاو کردۆتەوە.

دەیلی بیست ئاماژەی داوەتە هێرشە ڕابردووەکان بۆ سەر ناوەندەکانی ئەمریکا لە هەولێر و ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی بەستووە بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق. بەم حاڵەشەوە ژمارەیێک لە میدیاکان لەوان ئەسۆوشیەیتید پرێس دەڵێن ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی جیهان و ناوچەکە.

میدیاکان هەروەها دەڵێن بەرپرسانی ئەمریکی وێڕای سەرکۆنە کردنی هێرشەکان وتوویانە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و خەساری گیانیشی لێنەکەوتۆتەوە.

ئەسۆوشیەیتید پرێس و سی ئین ئین لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە نووسیویانە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان دەست پێکردووە.

News Code 5402

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha