کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەوە بانگهێشت کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەمەبەستی گەیاندنی نارەزایی فەرمیی حکوومەتی هەرێم کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە، لەو پێناوەشدا هەوڵی بەردەوامی هەبووە و قوربانی زۆری داوە، هیچ کات بەشێک نەبووە لە کێشەکان و هەمیشە هەوڵی چارەسەری داوە بە ڕێگەی دیالۆگ بۆ کێشەکان، داوا دەکەین چیتر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

فه‌رمانگه‌که ڕاشیگه‌یاند:‌ وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم هێرشانە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ئەم جۆرە رەفتارە بێ پاساوانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووەستێندرێت و ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگیرێت، چونکە ئەم کردەوانە پێچەوانەی بنەمای دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان وڵاتان و دراوسێیەتییە، بە تایبەت ئێمە کە مێژوویەکی دوورودرێژمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و دەخوازین کە ئەم پەیوەندیانە بەردەوام بن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و سوود و بەرژەوەندی هەردوولا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە کە بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێر کراون بە بیانوو، هەروەها پشتگیری لە پێکهێنانی لێژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان، بۆ ئەوەی چیتر بە پاساوی بێ بنەما خاک و خەڵکی سڤیلی ئاشتیخوازی هەرێم بە ئامانج نەکرێن.

News Code 5426

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha