بافڵ تاڵەبانی: هێشتا درەنگ نییەو دەتوانین کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەین
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی پێشوازىی له‌ وەفدێکی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە پێکھاتبوون لە ڤيلله‌ ڤاريۆلا، باڵيۆزى يه‌کێتيى ئه‌وروپا لە عێراق و ئان مێسکانه‌ن، سه‌رۆکى نێرده‌ى ڕاوێژکاريى يه‌کێتيى ئه‌ورووپا له‌ عێراق.

کوردپرێس: بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەش لەو دیدارەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق تاوتوێکرا و گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پرسی ئازادی رادەربڕین لە ھەرێم کرا و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەیانەوە خرایەڕوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە، دۆخی عێراق پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات. وەک کوردیش هەوڵی زۆرمان داوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد بپارێزین و وەک یەک تیمی بەهێز لە بەغدا کار بکەین، بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەیەکی کوردستانیی ئەم نیەتە نیشتمانییە لەباربرا.

ئاماژەى بەوەشکردوە، باوەڕیان وایە هێشتا درەنگ نییە و دەتوانن هەمووان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لەپێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسی و کەسییەکانیان وەلابنێین و پێکەوە بڕیار بدەن و یەک کاندید بۆ سەرۆککۆمار پێشکەش بکەن.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی وتیشى،  رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرین و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە، پێویستە شەفافیەت لە داهاتدا هەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت، خێروبێری ئەم هەرێمە بەبێ جیاوازی بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا تاڵەبانى رایگەیاندووە، یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازی رەگەزیدا نییە و باوەڕی تەواوی بە یەکسانی هەیە. بڕوامان بە تواناکانی ژنان هەیە و دەبێت لە ناوەندە حزبی و حکومییەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کپکردنی دەنگە ئازادەکاندا نییە و پشتیوانی راستەقینەی رۆژنامەنووسان و کاری رۆژنامەگەرین. چونکە بڕوای تەواومان بە دیموکراسی هەیە و کار بۆ پاراستنی کۆڵەکەکانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان.