غازی کوردستان ئەوەندە لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد نیە تا هەناردەی دەرەوە بکرێ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی کۆمپانیای کار گرووپ، رایگه‌یاند، ئەو بۆری غازەی ئێستا حکوومەتی هەرێم بە نیازە رایبکێشێت و کۆمپانیاكه‌ی ئه‌وان جێبەجێی بکات، قۆناغی یەکەمی لە 100% بۆ ژێر خانی هەرێمی كوردستانه‌، هیچ پەیوەندی نییە بە غاز بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێخ باز کەریم بەرزنجی، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ماڵه‌كه‌ی به‌ ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌ ئامانج، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌، "زۆربەی بەرپرسە عێراقیەکان و بەرپرسانی هەرێم سەردانی ماڵ ئێمەیان کرد لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو لەوانەش سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەموو بەرپرسان ئەوانەی سەردانی ماڵەکەمیان کرد بینییان هەموو ژورەکان و کەلوپەلی ناو ماڵەکە هی خۆم و خێزانەکەمن لە جل و بەرگ و پێداویستی ماڵ کە ڕۆژانە هەمو ماڵێک بەکاریدەهێنێت، لیژنەکەی پەرلەمانیش کە سەردانیان کرد بەهەمان شێوە بینیان هەمو کەلوپەلەکان پێداویستی ناوماڵن، دوێنێش شاندێکی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی سەردانی ماڵەکەمیان کرد، هەمو ئەوانە شارەزان لە کاروباری لێکۆڵینەوە و زانینی ڕاستییەکان ئەوانیش ژور بە ژور گەڕان و بە چاوی خۆیان بینییان کە ئەو خانوە ماڵی هاوڵاتییەکی عێراقیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و خانووه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج "ماڵی منە، ماڵی شەخسی خۆم هیچ کات بۆ هیچ مەبەستێکی تر بەکارنەهاتووە، هیچ کەسێکی بێگانەش سەردانی ئەو شوێنەی نەکردوە، چونکە ماڵی خێزانیی خۆم بوە هەر بۆ ماڵی خۆم بەکارهاتوە، سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە، چ لیژنەکەی پەرلەمان چ لایەنە ئەمنییەکان ئەوانە لایەنی فەرمین و جارێ بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە من ئاگادار نیم جارێ".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "جگە لەو شاندە عێراقیانەی کە دەست و برد هاتونە ماڵەکەم، داوام لەو شاندانەش کردوە کە شاندی نێودەوڵەتی و بەرپرسان و باڵیۆزخانەی وڵاتەکان هەروەها باڵیۆزی ئێرانی خۆیان بێن سەردانی ماڵەکەم بکەن هەتا ببینن ئەو شوێنە و ناوچەکە، ناوچەیەکی نیشتەجێبون و باخە خەڵکی سڤیلی تێدایە، ماڵی منیش یەکێکە لەو ماڵانەی لەو ناوچەیەیە"

شێخ باز کەریم بەرزنجی وتیشی، "تا ئێستا بەرپرسانی ئێران نە ته‌له‌فۆنیان کردووە، نە هاتون، بەڵام هیوادارین بەزوترین کات بێن خۆیان ڕاستییەکان ببینن، چونکە ئێران دراوسێی ئێمەیە بە دەیان ساڵ پێش ئێستا لە هەر نەهامەتییەک بە هەموو شێوەیەک هاوکاری خەڵکی کوردستان و عێراقییان کردوە، بە دڵنییای و بە بڕوای کەسی خۆم هەڵەیەک هەیە لەو موشەک بارانکردنە، هیوادارم خۆیان بێن و ڕاستییەکان بۆ خۆیان ببینن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سکاڵای تۆمار کردوە، وەک خاوەنی ماڵەکەت کە موشەک بارانکراوە؟، شێخ باز کەریم وتی، "نەخێر سکاڵام تۆمار نەکردوە، چونکە یەکەم شت ویستم ڕاستییەکە ئاشکرا بێت، ئەوەی بۆمن و خێزانم و خەڵکی هەولێر و کوردستان و عێراق گرنگە ئەوەیە ڕاستییەکان دیار بن، سوپاس بۆ خوا بە دەنگ هاتنی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم پەرلەمانتارانی عێراق کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن ئەو ڕاستییانە ڕۆژ بە ڕۆژ بە ڕونی بۆ هەمو لایەک دیار دەبێت.

له‌باره‌ی قه‌باره‌ی زیانه‌كان كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌، شێخ باز وتی، "بەڕاستی، بە نیسبەت خۆم زیانە مەعنەوییەکە زیاترە وەک لە زیانە مادییەکە، مەعنەوییەکە لای من دیارە، بەڵام زیانە مادییەکە وەک ئاماژەم پێی کرد دەبێت لیژنەی هونەری هەڵیبسەنگێنێت".

شێخ باز جەختیکردوە، "هیچ قابیلی گفتوگۆ و بەدواداچون وسەلماندن نیە، ئەو ماڵە ماڵی خێزانی و ژیانی من بو، هەمو خەڵک ئەوە دەزانێت، ئەوە واقیع حالە، بەڵام ئەو واقیعە پێویستە هەمو خەڵکی شارەکانی تر و دەرەوەی وڵات بێن بیبینن بەچاوی خۆیان کە ئەوە ماڵی منە، نەک هیچ دامو دەزگایەک.

له‌باره‌ی قه‌باره‌ی غازی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌وه‌ته‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر ئێران كراوه‌، ده‌وترێت یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی هێرشه‌كه‌، شێخ باز کەریم وتی، "بۆری غاز ئەوەی ئێستا حکومەتی هەرێم بە نیازە ڕایبکێشێت و کۆمپانیای ئێمە جێبەجێی بکات، قۆناغی یەکەمی لە 100% بۆ ژێر خانی هەرێمە، هیچ پەیوەندی نیە بە غاز بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی پایپەکە لە کۆرمۆرەوە هەتا چەمچەماڵە، لە هەولێرەوە هەتا دهۆکە، وێستگەی کارەبای دهۆک هەتا ئێستا گازی پێ نەگەیشتوە، بەرهەمهێنانی غازیش بەرەو زیادبون دەڕوات لە کێڵگەکانی هەرێم، پێویستە ئەو غازە بگاتە وێستگەکانی کارەبا، لەو قۆناغەش هەمو ئەوغازە زیادەی کە بەرهەم دەهێنرێت پێویستمانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆ".

رونیشیكرده‌وه‌، "هیچ ڕاستیەک لەوەدا نیە کە جارێ غازی زیادە هەبێت، نە بۆریەکەش درێژ کراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات نە غازمان هێندە هەیە کە زیاد بێت لە پێداویستی ناوخۆ، چونکە پێداویستی ناوخۆی خۆمان پێویستمان بە 950 ملیۆن فوت چوارگۆشە هەیە لە غاز، ئێستا 550 ملیۆن فوت چوارگۆشە کوردستان بەرهەمی دەهێنێت، کە دەیگەیەنێتە وێستگەکانی غازی چەمچەماڵ و بازیان و هەولێر، وە ئەو زیادەیەی کە ئێستا لە غاز بەرهەم دەهێنرێت بڕێکی دەڕوات بۆ چەمچەماڵ و هەولێر، وە بڕێکی تری دەڕوات بۆ وێستگەی دهۆک کە تا ئێستا غازی پێ نەگەیشتوە".