بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز پێویستی نەدەکرد مۆڵەت لە پارێزگارێکی ناشەرعی وەربگیرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕەتیدەکاتەوە حیزبەکەی لە پشت بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تەقینەوە و ترساندنی خەڵکەوە بێت، بۆ بەشداری نەکردن لە ئاهەنگی سەرقەڵای شارەکە، کە لەلایەن یەکێتی و حیزبە کوردیەکانەوە ئەنجامدرا.

ئەحمەد خورشید بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک لە گفتووگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، دەڵێت: "ئەوانەی دەڵێن پارتی پڕوپاگەندەی بڵاوکردووەتەوە، تا خەڵک بترسێت و بەشداری ئاهەنگی سەر قەڵای کەرکووک نەکات، با بەڵگەکانیان بخەنەڕوو، پارتی بڕوای بە پڕوپاگەندە نیە، ئەوە بیانووە بۆ داپۆشینی کەمی بەشداریکردنی خەڵک لە ئاهەنگی سەرقەڵا، کە پێش 16ی ئۆکتۆبەر خەڵکێکی ئێجگار زۆر بەشداردەبوون."

ناوبراو گوتیشی "ئەوانەی پارتی تۆمەتباردەکەن، قسەکانیان زۆر لاوازە و قسەکانیان ناڕاستی قسەی خۆیان دەسەلمێنێت، هەڵبژاردنی 10/10 کە پارتی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا، سەلماندی خەڵکی کەرکووک کێی قەبووڵە."

پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەجیا ئاهەنگی نەورۆزی لە کەرکووک ئەنجامداوە و بەشداری ئاهەنگی حیزبە کوردیەکانی نەکردووە و نێوماڵی کوردی پەرتەوازە کردووە، لەوبارەیەوە بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لەکەرکووک دەڵێت"بەهۆی خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، کەرکووک چووەتە دۆخی داگیرکردنەوە و بارەگای میلیشیا شیعەکان و سوپا هاتنە ناو شارەکە، بارەگای پارتی هەمووی داگیرکراوە لەگەڵ بارەگای حیزبەکانی تریش، پارێزگاری ناشەرعی کەرکووک سێ کاتژمێری بۆ ئاهەنگی نەورۆز دانابوو، لەکاتێکدا ئاهەنگی نەورۆز پێویست بەمۆڵەت وەرگرتن ناکات، پێویست ناکات بۆ یادێکی نەتەوەیی پرس بە پارێزگارێکی ناشەرعی بکەین، بۆیە بڕیارماندا بەرپەرچی بڕیارەکە بدەینەوە و مۆڵەت وەرنەگرین، واتە مەبەستی ئێمە بەرپەرچدانەوەی بڕیارەکە بوو، ئینجا لەئاهەنگەکەشدا خەڵکی نیشتیمان پەروەری جیاواز لەپارتیش بەشداربوون."

کاتێک پارێزگاری کەرکووک بڕیاری سێ کاتژمێرەکەی بۆ ئاهەنگی نەورۆز هەڵوەشاندەوە، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی بە جیا خۆیان کردە خاوەنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بە پارێزگاری کەرکووک، لەو بارەیەوە ئەحمەد خورشید بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لەکەرکووک وتی: "بڕیارەکەی پارێزگارمان بەلاوە گرنگ نەبوو، چونکە شۆڤێنی بوو، نەدەبوو لایەنێک داوای مۆڵەت بۆ نەورۆز لە پارێزگاری ناشەرعی بکات، دەبووایە حساب بۆ پارێزگار نەکرایە، بۆیە ڕەخنەمان لەو لایەنەش گرتووە کە داوای مۆڵەتی کرد، پەیامەکەمان ڕوونبوو، پابەندنابین و پێویست ناکات پرس بە پارێزگار بکرێت."

جەختیشیکردەوە: "شاخەوان عەبدوڵا وەکوو جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی بەرزترە لە پەرلەمانتارەکانی تر، فشارەکانی ئەو لەبەغدا، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نووسراوەکەی پارێزگاری کەرکووک".

News Code 5517

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha