تورکیا جارێکی دیکە دەست بە گۆڕینی دیموگرافی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دەکات
بەشی تورکیا- بەوتەی سەرۆکی فەرمانگەی کۆچی تورکیا ئەو وڵاتە نیو ملیۆن ئاوارەی سووریی لە ناوچەکانی باکووری سووریا جێگیر کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سواش ئۆنلۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی كۆچ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، گوتی: "نیو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان و له‌و ناوچه‌ ئارامانه‌ی باكووری سووریا نیشته‌جێ كراون، كه‌ توركیا به‌ توانای خۆی درووستی كردوون".

ناوبراو گوتیشی: توركیا 3.7 ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا و 300هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌.

سواش ئۆنلۆ هه‌روه‌ها گوتی: چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌نابه‌ران، پێویستی به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هۆكار و سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانه‌.

توركیا له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ سنووری ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانییه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ناوچه‌كانی سنووری عه‌فرین، كه‌مه‌ره‌یه‌كی ئه‌منی درووست كردووه‌.

پێشتر توركیا رایگه‌یاندبوو، ئامانجی له‌ داگیركردنی ناوچه‌كانی باكووری سووریا درووستكردنی په‌ناگه‌یه‌كه‌ بۆ په‌نابه‌رانی سووریا.

نیشته‌جێكردنی نیو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای توركیا به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ره‌وشی دیموگرافی ناوچه‌كه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه‌ كوردن و به‌شێكیان به‌ هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌ بوون.

 

سەرچاوە: کوردستان 24