وەزیری وزەی ئێران: بەشێک لە قەرزەکانی ئێران لە عێراق وەرگیرایەوە

بەشی ئێران- وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ئەکاونتێک بە یۆرۆ لە بانکێکی عێراقی کرایەوە بۆ ئەوەی بەشێک لەو پارەیەی ئێران لای عێراق ماوەتەوە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی بەکار بهێنرێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 10ی بەفرانباری 1399 ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی لە سەدانی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند لەو سەردانەدا لەگەڵ پارێزەری بانکی ناوەندی و وەزیری وزە و سەرۆکوەزیرانی عێراق دیداری کردووە.

بە وتەی ڕەزا ئەردەکانیان گرینگترین دەستکەوتی سەردانەکە ئەوە بوو کە هاوکاری و کاری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە لە ساڵی 1393بەدواوە هەڵپەسێردرابوو کارا کرایەوە و بڕیارە پاش 6 لە هەڵپەسێردرانی پڕۆژە هاوبەشەکان بخرێنەوە گەڕ.

هەر لە لێدوانەکەیدا ئەردەکانیان ئاماژەی بە دەستکەوتێکی دیکەی سەردانەکەی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند: بەشێک لەو پارەیەی ئێران کە وەک قەرز لای عێراق ماوەتەوە وەردەگیرێتەوە و بەو مەبەستەش ئەکاونتێکی یۆرۆیی بۆ ئێران دەکرێتەوە و بڕێک لە قەرزەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ئەکاونتە و بە مەبەستی کڕینی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی بەکار دەهێنرێت.

شایانی باسە لەم هەفتەیەدا وەزیری وزەی ئێران لە سەرووی شاندێکی ئابووری وەزارییەوە سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ وەزیری وزە و وەزیری دارایی و پارێزەری بانکی ناوەند و سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدار و گفتوگۆی کرد.

News Code 556

Your Comment

You are replying to: .
captcha