چارەنووسی نادیاری هاوپەیمانیی نێوان سەدر، بارزانی و حەلبووسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق/محەمەد هادیفەر

"ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی عێراقدا بوونی هەیە ئەمەیە کە یەکەم ئەمریکا پاش ڕیسوا بوون و شکستەکانی لە عێراق بوونی خۆی کاڵ کردۆتەوە و ڕەنگە بەدوای جێگرەوەیێکدا دەگەڕێت کە ئەوەش حزبە نیابتییەکانن لە پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق؛ دووهەم ئەو شتەی کە لە گۆڕەپانی ئێستا ئەو وڵاتەدا کاریگەریی هەیە ئیتنیک و میللەت نییە بەڵکوو بەرژەوەندیی شەخسی و حزبییە بە تەماحی سەروەت و سامانەوە".

کوردپرێس؛ پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق، پاش ساڵی 2003 بەردەوام ڕووبەڕووی هەوراز و نشیو بووەتەوە و هەرچی بەرەو پێش دەڕوات پڕۆسەکە ئاڵۆزتر دەبێت. درێژخایەنترین پڕۆسەی کاتیی پێکهێنانی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ کابینەی نووری مالیکی کە پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ لە ساڵی 2010 حکوومەتی ئیئتیلافی پێکهێندرا.

پاش دەست لەکارکشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی سەرکەوتووی هەڵبژادنی پەرلەمانیی ساڵی 2018 پاش خۆپیشاندانەکانی خەڵک و ململانێی درێژخایەنی چەند مانگە بۆ هەڵبژارنی سەرۆکوەزیرانی نوێ لە ئەنجامدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی پێنجشەممە 9ی 4ی 2020 لە حوکمێکدا مستەفا کازمیی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پاش گرژی و ململانێکان عێراقییەکان هەڵبژاردنی پێشوەختیان قبووڵ کرد.

هەڵبژادنی ئەمدواییەی پەرلەمان لە 10 ئاکتەوبری 2021 گۆڕانکاریی قووڵی لە چۆنیەتی بەدەست هێنانی کورسییەکان و ئاریشەی هێزەکان دروست کرد و هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان کە پێکهاتووە لە ڕەوتی سەدر بە ڕێبەرایەتیی موقتەدا سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی و هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئامادە کرد کە کاردانەوەی جیاوازی لەنێو حزبە عەرەبی و کوردییەکاندا لێکەوتەوە.

ڕەوتەکەی موقتەدا سەدر بە 73 کورسی لە حزبە عەرەبییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 31 کورسی لە کوردەکان و هەروەها هاوپەیمانی سیادە بە 67 کورسی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتن. بەڵام هەوڵی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ لە دوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامێکی نەبوو و لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی عێراق چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە و بڕیاری دادگان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی دیکە.

بەڵام چەند تێبینیەک لە شێوانشێویی سیاسی ئێستای عێراقدا هەیە کە دەبێت بیری لێبکرێتەوە.

موقتەدا سەدر وەکوو عالمی دینی توندڕەو و ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بە هاوپەیمانی کردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی و سیادەی سونەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەدەن. موقتەدا سەدر سەرەڕای ئەوەی زیاترین کورسی بەدەستەوە هەیە بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕەوتە شیعەکان لەوان مالیکی و عامری کە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کۆبوونەتەوە و هێزی سەربازیشیان هەیە، نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات و هەروەهاش پارتی دیموکراتی کوردستان بە 31 کورسیەوە سەرەڕای ئەوەی زیاترین کورسیی کوردەکانی هەیە بۆ بوون بە یەکەم هێزی کوردی لە بەغدا سەرکەوتوو نەبووە.

بەڵام ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی عێراقدا بوونی هەیە ئەمەیە کە یەکەم ئەمریکا پاش ڕیسوا بوون و شکستەکانی لە عێراق بوونی خۆی کاڵ کردۆتەوە و ڕەنگە بەدوای جێگرەوەیێکدا دەگەڕێت کە ئەوەش حزبە نیابتییەکانن لە پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق؛ دووهەم ئەو شتەی کە لە گۆڕەپانی ئێستا ئەو وڵاتەدا کاریگەریی هەیە ئیتنیک و میللەت نییە بەڵکوو بەرژەوەندیی شەخسی و حزبییە بە تەماحی سەروەت و سامانەوە کە نموونەکەشی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا بینیمان کە سەرەڕای ئەو ڕەخنە توندانەی ڕەوتە سیاسییەکان هەیانبوو لە کاتی بەڕێوەجوونی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

ئەم چەشنە ڕەفتارانەی کەسایەتی و حزبەکان دەریدەخات کە دروشمە توندە قەومییەکان تەنها بۆ بانگەشەی میدیاییە کە بەردەنگانی دەروەی هەرێمی کوردستان ڕازی بکرێن ئەگینا ڕاستیی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئەمەیە کە ژمارەیێک لە ڕەوتە عێراقییەکان دژی بەدەسەڵات گەیشتنی حزبە نەیارەکانی حکوومەتی ناوەندین و لە کەمترین دەرفەتدا ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن. بۆ نموونە ئاگربەردان لە نووسینگەی پارتی لە بەغدا بوو وەکوو کاردانەوەیێک بە سووکایەتی کردنی کادێرێکی پارتی بە مەرجەعی ئایینی شیعە.

لە ڕوانگەیێکی دیکەوە دەبێت بڵێین ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکەی لەم هەوڵە سیاسییانە ئەمە بێت کە پاش شکستەکانیان وا نیشان بدەن کە پێکەوەژیانی کورد و عەرەب نامومکینە و ڕای گشتی بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمێکی دیکە ئامادە بکەن.

لە کۆتاییدا وابەدی دەکرێت بە کاڵتر بوونەوەی ڕۆڵی ئەمریکا ڕەوتە ئەتنیکییەکان لە عێراق بەهێز دەبن و باشتر وایە کە سەرکردەکان و حزبەکان یاساکانی ڕەفتاری سیاسی و دۆخی داهاتووی عێراق لەبەرچاو بگرن.

News Code 5562

Your Comment

You are replying to: .
captcha