ئەنەکەسە بیرۆکەی دابەش کردنی پەنجا پەنجای دەسەڵات لەسەر دەربکات

بەشی سووریا- ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: هێشتا دیار نییە دانوستانەکانی نێوان حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەست پێدەکاتەوە.

فەتحوڵڵا حسێنی ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا لە ساڵی نوێدا دانوستانی نێوان حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەست پێدەکاتەوە، وتی: پڕۆژەی دانوستانی نێوان حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد(PYNK) و ئەنجومەنی نیشتمانیی (ENKS) پڕۆژەیێکە کە درێژەی هەیە بەڵام دیار نییە چ کاتێک دەست پێبکاتەوە.

ناوبراو درێژەی دا: قۆناخێکی باش لە دانوستانەکانمان تێپەڕاند و چاوەڕوانین کە ئەنەکەسە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و خۆی بۆ گفتوگۆکان ئامادە بکات.

فەتحوڵڵا حسێنی ڕاشیگەیاند: ئێستا پڕۆژەی سیاسی و ڕاستەقینە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکردووە و ئەمان مافیان هەیە لەم پڕۆژەدا بەشدار بن.

ناوبراو وتیشی: ئەنجومەنی نیشتمانی نابێت وا بیر بکاتەوە کە فراکسیۆنێکی گەورەیە و دەبێت دەسەڵات لەگەڵیاندا دابەش بکرێت. ئیدارەی خۆسەر ڕاستیێکە کە بە خۆێنی خەڵکی باکووری سووریا دامەزراوە و هەموو حزب و ڕەوتەکان تێیدا ئامادەن و ئەنجومەنی نیشتمانیش دەتوانێت وەکوو حزبەکانی دیکە لەم ئیدارەیەدا بەشدار بێت.

ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: ئەگەر ئەنەکەسە ویستی دەتوانێت لەم ئیدارەیەدا ئامادە بێت و ئەگەریش نەیویست بەمانای ئەمەیە کە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا ناهێڵێت ئەم ڕەوتە بەشداری لەم بەڕێوەبەرایەتییەدا لە کوردستانی سووریا بکات.

News Code 5582

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha