ئیدارەی خۆسەر داو لە حکوومەتی سووریا دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی وڵات دانوستان دەست پێبکاتەوە
بەشی سووریا- ئیدارەی خۆسەر و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بانگەواز لە حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەکەن لەپێناو کۆتاییهاتن بەقەیرانی سووریا دەست بەدانوستانکردن بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لوقمان ئەحمی وتەبێژی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەئاژانسی "هاوار نیوز"ی ڕاگەیاندووە: "ڕازیینەبوونی ڕژێمی سووریا بەدانوستانکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، دەرگا لەسەر چارەسەرێکی جدیی قەیرانی سووریا دادەخات، هەرچەندە ئەوان هەر لەسەرەتاوە داوای ئەوەیانکردووە بەڕێگای ئاشتیانە و دیموکراتیانە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن".

ئەو بەرپرسەی کوردستانی سووریا دەشڵێت: "چارەسەر تەنها لەدانوستانی سەرجەم لایەن ‌و پێکهاتەکانی گەلی سووریادایە".

وتوشیەتی: "بەداخەوە، هەرچەندە ئێمە دەستمان بۆ دانوستان ‌و گفتوگۆ کردن درێژکردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بەمەبەستی دەستپێکردنی دانوستنێکی جدی ‌و لێبڕاوانە نایەتە پێشەوە".

ئەوەشی وت: "لەماوەی ڕابردوودا چەند دیدار و گفتوگۆیەک لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشقدا هەبوون، بەڵام بەگەیشتوونەتە ئاستێک کە لەبەرژەوەندی گەلی سووریادا بێت".