منداڵانی خێزانە داعشەکان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە چەندین شێوە بوونەتە قوربانی

بەشی سووریا- پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی خۆیان دەردەبڕن لەبەرامبەر باری تەندروستیی ئەو منداڵانەی لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستبەسەرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی هەینی 1ـی نیسانی 2022 بڵاویانکردوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگە بە رێکخراوە مرۆییەکان بدەن بچنە زیندانەکان و چاویان بە منداڵەکان بکەوێ و ئاگاداری دۆخیان بن.

پسپۆڕەکان دەڵێن: "زۆر نیگەرانین کە لە هێرشەکەی کانوونی دووەمی سەر گرتووخانەی غوێرانەوە چارەنووس و شوێنی مانەوەی لانیکەم 100 کوڕ دیار نییە. دەکرێت ژمارەیەک لەو حاڵەتانە بچنە خانەی بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا رەخنە لە دۆخی نێو زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گیراوە و هاتووە، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە هێشتنەوەی شوێنی زیندانییان یەکناگرێتەوە؛ بۆ نموونە، لە بواری نەبوونی مەرجی پێویستی بواری تەندروستی و ئاوی خاوێن و پێداویستییەکانی دیکەوە.

راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵانی خێزانە داعشەکان بە چەندین شێوە بوونەتە قوربانی؛ بۆ نموونە، زۆربەیان لە لایەن ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیانەوە برانە سووریا و ژمارەیەکی دیکەشیان لەوێ لەدایکبوون؛ ئەوان ئازاردران و هەندێکیشیان برینداربوون بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەکیان کردبێت؛ دواتر، ئەو منداڵانە لە دۆخێکی زۆر خراپدا جێهێڵدراون و هەربۆیە دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

News Code 5603

Your Comment

You are replying to: .
captcha