ئۆیڵ پرایز: 3 لە سەدی غازی سروشتیی جیهان لە هەرێمی کوردستانە
بەشی جیهان- گۆڤاری ئۆیڵ پرایز کە کاری پسپۆڕانەی تایبەت لە سەر کەرتی وزە و نەوت دەکات ئاماژەی بە ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە بەو پێیە 25 ترلیۆن پێی سێجا غازی سروشتی لە هەرێم سەلمێندراوە و 198 ترلیۆن پێی سێجا غازی نەسەلمێندراو هەیە. ئەوەش 3 لە سەدی غازی سروشتیی جیهانە.

کوردپرێس:

گۆڤاری پسپۆڕیی ئۆیڵ پرایز کە تایبەتە بە کەرتی نەوت و غاز لە ڕاپۆرتێکدا باسی پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی هەرێم دەکات و تیشک دەخاتە سەر ڕاپۆرتەکانی ئەم دوایییەی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی و نووسیویەتی دەستکەوتی بەرچاو لەبارەی پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستدایە.

گۆڤارەکە لەبارەی ڕێژەی پاشەکەوتی سامانی غازی سروشتی لەهەرێمی کوردستان نووسیی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەراوردی کردووە کە ڕێژەی غازی سروشتیی سەلمێندراو دەگاتە نزیکەی 25 ترلیۆن پێی سێجا و ڕێژەی غازە نەسەلمێندراوەکەش لەو ناوچەیە نزیکەی 198 ترلیۆن پێی سێجایە. ئەمەش کۆی 3 لە سەدی غازی سروشتیی جیهان پێکدەهێنێت.

ئەو گۆڤارە ئاماژەی بە خەمڵاندنەکانی زەویناسیی ئەمریکا کردووە و لەو بڕوایەدایە کە 54 ترلیۆن پێی سێجا غاز لە پشتێنی قڵیشخواردووی زاگرۆس لە عێراق هەیە و بەشێکی هەرە زۆریشی لە هەرێمی کوردستانە و ئەو خەمڵاندنەش زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە.

هەروەها ئۆیڵ پرایز ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو ڕێژە سەلمێندراو نەسەلمێندراوەی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستان تەنها نزیکەی 10 ترلیۆن پێی سێجای دۆزراوەتەوە و ئێستا لە ئاستی بەهەمهێناندایە. زۆرینەی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لە چوار کێڵگەی بیناباوە و خورمەلە و چەمچەماڵ و خورمورە.

گۆڤارەکە هەروەها باسی ڕاپۆرڕتەکەی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتیش دەکات کە لەبارەی کارکردنی ئەو کۆمپانیا لە هەرێم و فراوان کردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بۆ 430 ملوێن پێی سێجای ڕۆژانە بڵاوی کردۆتەوە و ئەوەش بە دەستکەوتێکی بەرچاو و ڕێژەیێکی پێوانەییی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان ناو دەبات. ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2023 ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە 250 ملوێن پێی سێجا بگەیەنێتە 650 ملوێن پێی سێجای ڕۆژانە.

پاتریک ئێلمان ڤارد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا ئیماراتییەکە هەفتەی ڕابردوو پێشبینیی ئەوەی کردبوو کە پاش جێبەجێ کردنی قۆناغی دووهەمی کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستان تا 2025 بگاتە نزیکەی 900 ملوێن پێی سێجای ڕۆژانە.

بەو حاڵەشەوە گۆڤاری ئۆیڵ پرایۆ چالاکیی کۆمپانیایێکی دیکەی بیانی بە بەراورد لەگەڵ دانەغازی ئیماراتی خاوتر دەزانێت بەڵام زیادکردنی ڕێژەی غازی سروشتیی بەرهەمهێنراو لە لایەن دانەغازەوە بە پێشکەوتنێکی بەرچاو وەسف دەکات.