دروست کردنی بەنداو، بابەتی نوێی ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتى هەرێم بەبێ ئاگادارى بەغدا گرێبەستى واژۆکردووە بۆ دروستکردنى چوار بەنداوى نوێ، ئەوەش ئەگەرى سەرهەڵدانى قەیرانێکى نوێی لێدەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو دۆسیە نوێیە دەسەڵاتدارانى فیدراڵى ڕووبەڕووى ئیحراجى دەکاتەوە لەکاتێکدا دەسەڵاتییان نییە بەسەر سەرچاوەى ئاوى و بەنداوەکانى هەرێم، بەپێچەوانەى دەستوور و یاساى وەزارەتى کشتوکاڵەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، شارەزایان ترسیان هەیە ئەو دۆسیەیە وەک کارتى فشار بەکاربهێنرێت لەلایەن بەرپرسانى هەرێمەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست دەکات.

عەلى رازى وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق وتى: "حکوومەتى هەرێم ئاگاداری نەکردوینەتەوە لەو بارەیەوە و هەماهەنگیشى نەکردووە، ئەوەش کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنى سەرچاوە ئاوییەکان".

هۆشداریشیدا لەوەى ئەو بەنداوانە مەترسى لەسەر دیجلە و فورات دروست بکەن و داوای کرد دروست کردنى بەنداوەکان بگونجێنرێن لەگەڵ پلانى ستراتیژى عێراق بۆ ئاو کە تاساڵى 2035 درێژدەبێتەوە بۆ بەڕێوەبردنى سەرچاوە ئاوییەکان.